موقته‌دا سەدر هه‌شت بڕیاری بەپەلە دەردەکات

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2171 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

موقتەدا سەدر دوای پێداچونەوە بەڕاپۆرتی بژێویی‌و خواردنی چەکدارانی سەرایای سەلام (واته‌ گروپه‌كه‌ى خۆى) کۆمەڵێک بڕیارو ڕێکاری نوێی دەرکرد کە تێیدا سزای توندو هۆشداریی لەخۆدەگرێت، ڕاشیگه‌یاندوه‌، "ئەگەر لەماوەی 15 ڕۆژدا کێشەی خواردن چارەسەرنەبێت، وەک هاوسۆزییەک بۆ چەکدارەکان، مانگرتن لەخواردن ڕادەگەیەنێت"، جه‌ختیشیكردوه‌ته‌وه‌، "ئەگەر دەرکەوت خواردنی سەرکردەکان لەهی چەکدارە ئاساییەکان باشترە، ئەوا دەبێت هەموو ئەو سەرکردانە تا ڕۆژی کۆچی دوایی پێغەمبەر (د.خ) بەڕۆژوبن".


به‌گوێره‌ى بەڵگەنامەیەک کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، گرنگترین خاڵەکانی بڕیارەکەی سەدر بریتین له‌بانگهێشتکردنی لێپرسراوی بژێویی‌و دابەشکاران، لەگەڵ کردنەوەی لێکۆڵینەوەیەکی ورد سەبارەت بەکەمتەرخەمی‌و سوکایەتیکردن بەخواردنی چەکدارەکان، تەرخانکردنی هێڵێکی ڕاستەوخۆ بۆ پێشکەشکردنی سکاڵا تەنها تایبەت بەکێشەی خواردن‌و بژێویی.

هه‌روه‌ك سەدر ڕاشیگەیاندوە، وەک داوای لێبوردن‌و دیارییەک، لەسەر ئەرکی خۆی، خواردنی وشکە دابیندەکات‌و دەبێت لەماوەی سێ ڕۆژدا بگاتە دەستیان، هاوكات ڕاسپاردنی هەریەک لە(عه‌بودی)‌و (ته‌حسین حه‌میداوى) بۆ چونە سامەڕا بەمەبەستی پاککردنەوەو ڕێکخستنەوەی کۆگاکانی خواردن.

سەدر هۆشداریداوە، ئەگەر لەماوەی 15 ڕۆژدا کێشەی خواردن چارەسەرنەبێت، وەک هاوسۆزییەک بۆ چەکدارەکان، مانگرتن لەخواردن ڕادەگەیەنێت، جه‌ختیشیكردوه‌ته‌وه‌، ئەگەر دەرکەوت خواردنی سەرکردەکان لەهی چەکدارە ئاساییەکان باشترە، ئەوا دەبێت هەموو ئەو سەرکردانە تا ڕۆژی کۆچی دوایی پێغەمبەر (د.خ) بەڕۆژوبن.

ئەم بڕیارانە دوای ئەوەدێن، ناڕەزایی هەبوە لەکوالێتی‌و شێوازی دابینکردنی خواردن بۆ هێزەکانی سەرایای سەلام لەناوچە جیاوازەکان.