شارپرێس:
لەهەنگاوێکی نوێدا بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی ئەو گروپو کەسایەتیانەی واشنتۆن بەهەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی دەیانناسێنێت، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لیستێکی نوێی سزاکانی بڵاوکردەوە، بهگوێرهى ئهو لیستهى وێنهیهكى لاى شارپرێس-ه، تائێستا ناوی 128 کەسایەتی عێراقی لەلیستی سزاکانی نوسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکان (OFAC) جێگیرکراون.
سزای حهوت بەرپرسی باڵای ئەمنیو سەربازیی
دیارترین بەشی سزاکانی ئەمدواییە، بڕیارێکی تایبەتبوو کە تێیدا حهوت سەرکردەی باڵای سەربازییو ئەمنی لەگروپە چەکدارەکان خرانە ناو لیستی ڕەشەوە، ئەم حەوت کەسە تۆمەتبارن بەوەی ڕۆڵی سەرەکییان هەبوە لەداڕشتنی پلانی هێرشە درۆنیو موشەکییەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان.
ناوی فەرماندە دیارەکان بریتین لە(عەمار جاسم ڕەماحی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەتائیبی حزبوڵڵا، سەفا عەدنان جەبار فەرماندەی عەسائیبی ئەهلی حەق لەکەرتی سەڵاحەدین، خالید جەمیل بەیاتی بەرپرسی لۆجستی کەتائیبی سەیدولشوهەدا، هیشام هاشم جەیسوم یەکێک لەڕاهێنەرە باڵاکانی بزوتنەوەی نوجەبا)، بەهاوکاری سێ بەرپرسی دیكهى هەواڵگرییو مەیدانی بهبێ دیاریكردنى ناویان لهو لیسته 128 كهسیهدا.
128 کەسایەتییەکە کێن؟
لیستی گشتیی کە 128 کەسایەتی عێراقی دەگرێتەوە، تەنها فەرماندەی سەربازی نین، بەڵکو دابەشبون بەسەر چەندین سێکتەری جیاوازدا، بازرگانو خاوەن بانکەکان کە تۆمەتبارن بەسپیکردنەوەی پارەو گواستنەوەی دۆلار بۆ وڵاتانی دراوسێ، ئەو بەرپرسانەی کە بەهۆی تێوەگلان لەگەندەڵی گەورە یان پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ سزادراون، ئەوکەسانەی کۆمپانیای سێبەر بەکاردەهێنن بۆ دەربازبون لەسزاکانی سەر ئێران.
کاریگەرییەکان
بڕیاری سزادانی ئەو 128 کەسە بەو مانایەیە کە تەواوی داراییو موڵکەکانیان لەبانکە نێودەوڵەتییەکاندا بلۆک دەکرێتو هیچ کۆمپانیا یان بانکێکی جیهانی بۆی نییە مامەڵەیان لەگەڵ بکات، ئەمەش فشارێکی گەورە دەخاتەسەر حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی ڕێکاری توندتر لەکەرتی بانکیدا بگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لەسزادانی زیاتری بانکە ناوخۆییەکان.
لیستى SDN چییه؟
لیستی SDN گەورەترینو کاریگەرترین ئامرازی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکایە بۆ سزای ئابوریی، ئەم لیستە تەنها ناونوسین نییە، بەڵکو بەواتای دابڕانی دارایی تەواو دێت، کاتێک ناوێک (کەس، کۆمپانیا، یان کەشتی) دەخرێتە ئەم لیستەوە، هەموو سەروەتو سامانەکەی لەژێر دەسەڵاتی ئەمریکادا دەبەسترێتو هیچ هاوڵاتییەکی ئەمریکی یان دامەزراوەیەکی دارایی ئەو وڵاتە بۆی نییە مامەڵەی لەگەڵ بکات.
بنەمای سزای ناڕاستەوخۆ
ئەمە ئەو خاڵەیە کە لیستەکە دەکاتە مەترسییەکی جیهانیی، چونکە تەنها کۆمپانیا ئەمریکییەکان ناچارناکات، بەڵکو، هەر بانكێکی بیانی لەهەر وڵاتێکی جیهان بێت، ئەگەر مامەڵە لەگەڵ ناوێکی ناو لیستی SDN بکات، ئەوا ئەمریکا دەتوانێت ئەو بانكە لەسیستەمی "دۆلار" بێبەشبکات، ههروهها زۆربەی بانكە جیهانییەکان لەترسی ئەمە، هەموو پەیوەندییەکیان لەگەڵ کەسانی ناو لیستەکە دەبڕن.
یاسای 50٪ چییه؟
ئەم زانیارییە زۆر گرنگە بۆ کۆمپانیاکان، چونكه ئەگەر کەسێک لەناو لیستی SDN بێتو خاوەنی 50٪ یان زیاتری پشکەکانی کۆمپانیایەک بێت، ئەوا ئەو کۆمپانیایە بەشێوەیەکی خۆکارانە دەبێتە سزادراو، تەنانەت ئەگەر ناوی کۆمپانیاکە خۆشی لەلیستەکەدا نەبێت.
پۆلێنکردنی لیستەکە (ئەوانەی دەکرێنە ئامانج)
لیستەکە چەندین بەرنامەی جیاواز لەخۆ دەگرێت، لەوانە، تیرۆری نێودەوڵەتی: (وەک گروپە چەکدارەکان)، بازرگانی مادە هۆشبهرهكان، ئەو وڵاتو لایەنانەی کار بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی یان کیمیایی دەکەن)، پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤو (یاسای ماگنیتسکی - Magnitsky Act) کە بەرپرسە گەندەڵەکانو پێشێلکارانی مافی مرۆڤ دەگرێتەوە.
سیستەمی فلتەرکردنو پشکنین
هەموو بانكو دامەزراوە داراییەکان وێستگەیەکی پشکنینیان هەیە کە بە "Sanctions Screening" دەناسرێت، هەر ناوێک کە دێتە ناو بانكەکەیان بۆ کردنەوەی هەژمار یان حەواڵە، بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بەراورد دەکرێت لەگەڵ لیستی SDN، ئەگەر ناوەکە هاوشێوە بێت، حەواڵەکە ڕادەگیرێت تا دڵنیادەبنەوە.
چۆن دەتوانرێت ناو لەلیستەکە دەربهێنرێت؟
ناوێک کە چوە لیستەکەوە، بۆ هەمیشە نییە، دەکرێت ناوەکە لاببرێت ئەگەر کەسەکە یان کۆمپانیاکە ڕەفتاری خۆی بگۆڕێتو چیتر پەیوەندیی بەو چالاکییانەوە نەمێنێت کە بوە هۆی سزادانی، یان هەڵەیەک لەزانیارییەکاندا هەبێت (ناوى چوارینە یان بەرواری لەدایکبون وەک یەک بن)، داواکارییەکی یاسایی پێشکەش بە OFAC بکرێت بۆ چاوخشاندنەوە بەبڕیارەکەدا.
