تره‌مپ ئۆپەراسیۆنەکەی گەروی هورمزى ڕاگرت

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2366 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دۆناڵد تره‌مپ سەرۆکی ئەمریکا پێشکەوتنی گەورەى بەرەو ڕێککەوتنێکی گشتگیرو کۆتایی لەگەڵ نوێنەرانی ئێران ڕاگەیاند، ده‌شڵێت، "پڕۆژەی ئازادی بۆ ماوەیەکی کورت ڕادەگیرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا دەکرێت ڕێککەوتنەکە کۆتایی پێبهێنرێت‌و واژۆبکرێت".


دۆناڵد تره‌مپ سەرۆکی ئەمریکا له‌په‌یامێكدا ڕایگه‌یاند، "ئۆپەراسیۆنی پڕۆژەی ئازادی لەگەروی هورمز کە سەرەتای ئەم هەفتەیە دەستیپێکردبوو، ڕادەگیرێت، بەڵام گەمارۆکە بەردەوامدەبێت".

لەبەیاننامەیەکدا کە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیال بڵاویکردەوە، تره‌مپ نوسیویەتی، "پاڵپشت بەداواکاریی پاکستان‌و وڵاتانی دیکەو ئەو سەرکەوتنە سەربازییە گەورەیەی لەکاتی هەڵمەتەکەدا دژی ئێران بەدەستمانهێناوە، جگە لەو ڕاستییەی کە پێشکەوتنی گەورە بەرەو ڕێککەوتنێکی تەواوو کۆتایی لەگەڵ نوێنەرانی ئێران بەدیهاتوە، بەڕەزامەندی هەردولا ڕێککەوتین لەسەرئەوەی لەکاتێکدا گەمارۆکە بەتەواوی بەردەوامدەبێت، پڕۆژەی ئازادی بۆ ماوەیەکی کورت ڕابگیرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا دەکرێت ڕێککەوتنەکە کۆتایی پێبهێنرێت‌و واژۆبکرێت".

پڕۆژەی ئازادی کە سەرەتای ئەم هەفتەیە لەلایەن دۆناڵد تره‌مپەوە ڕاگەیەندرا، ئامانجی پاراستنی کەشتییەکانی وڵاتانی بێلایەن بوو کە بەهۆی هۆکاری مرۆییەوە لەگەروی هورمز گیریانخواردوە.

لەوەڵامی ئەم پڕۆژەیەدا، ئیمارات ڕوبەڕوی هێرشێکی موشەکی بوەوە کە لانی کەم چوار موشەکی ئێرانی ئاراستەکران، سێیان تێکشێندران‌و یەکێکیان کەوتە ناو دەریاوە، هاوکات فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ لەشوێنێکی پترۆکیمیاوی لەشاری فوجەیرەیداو بوە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە.

وتەبێژی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، هیچ گۆڕانکارییەک لەگەمارۆکەدا ڕوینەداوەو هەر کەشتییەک پرۆتۆکۆڵەکانی ئێران پێشێلبکات بۆردوماندەکرێت یان بەهێز ڕادەگیرێت، دواتر ڕاپۆرتی دژبەیەک دەربارەی تەقەکردن بڵاوکرانەوە، میدیاکانی ئێران بڵاویانكرده‌وه‌، دوو موشەک بەر کەشتییەکی جەنگی ئەمریکی کەوتون کە هۆشدارییەکانی پشتگوێخستوە، لەکاتێکدا بەرپرسانی واشنتۆن بەتوندی ئەو هەواڵەیان ڕەتکردەوە. 

سوپای ئێرانیش ئاماژەی بەوەکرد، هێزه‌ دەریاییەکەیان موشەکی هۆشدارییان ئاراستەی کەشتییە موشەکهاوێژەکانی ئەمریکا کردوە کە لەگەروەکە نزیکبونەتەوەو وەڵامی پەیوەندییە بێ تەلەکانیان نەداوەتەوە.