ئایا ناتۆ بەرەو دابەشبون دەچێت؟ لوتکەی ئەنكەرە مەترسیدارترین قەیران لەمێژوی هاوپەیمانییەکەدا دەخاتەڕوو

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1236 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لوتکەی ئەنكەرە تاووتوێی دوبارە دابەشکردنەوەی ڕۆڵەکان لەناو ناتۆدا دەکات لەژێر فشاری ئەمریکا بەسەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ زیادبونی نیگەرانییەکانی ئەوروپا لەپاشەکشەی پابەندبونی ئەمنی، سەرکەوتنی بەرچاوی ڕۆڵی تورکیا لەداڕشتنەوەی داهاتوی هاوپەیمانییەکەدا.


36مین لوتکەی ناتۆ لەئەنكەرە لەژینگەیەکی ستراتیژی بێوێنەدا بەڕێوەدەچێت؛ ژینگەیەک کە کاریگەرییەکانی شەڕ لەگەڵ ئێران، پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی دوو دیوی ئەتڵەسی‌و گومانی ئەوروپییەکان لەبەردەوامیی پابەندبونی ئەمریکا کۆدەکاتەوە، لەم چوارچێوەیەدا، لوتکەکە دەبێتە خاڵێکی یەکلاکەرەوە کە ڕەنگە شێوەو ئەرکەکانی هاوپەیمانییەکە لەساڵانی داهاتودا دوبارە پێناسە بکاتەوە.

فشارەکانی واشنتۆن.. دوبارە داڕشتنەوەی یاساکانی یارییەکە
لەوکاتەوەی دۆناڵد ترەمپ گەڕاوەتەوە بۆ کۆشکی سپی، پێکهاتەی ناتۆ ڕوبەڕوی فشارێکی زۆر بوەتەوە، ڕەخنە ئاشکراکان‌و هەڕەشەی پێداچونەوە بەپابەندییە ئەمنییەکان لەئاستی قسەوە بون بەهەنگاوی کردەیی کە دیارترینیان بڕیاری کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکایە لەئەوروپا، بەتایبەت لەئەڵمانیا.

خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ئەم ئاراستەیە تەنها بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان نییە، بەڵکو بۆ ناچارکردنی هاوپەیمانەکانە کە بەرپرسیارێتی گەورەتر هەڵبگرن، بەتایبەت لەدۆسیەکانی وەک ئێران‌و ئاسایشی وزە.

ئەوروپا هەژمارە بەرگرییەکانی دوبارەدەکاتەوە
لەلایەکی دیكه‌وه‌، پایتەختە ئەوروپییەکان گفتوگۆیەکی بێوێنەیان دەستپێکردوە دەربارەی داهاتوی پشتبەستن بەئەمریکا، گرژییەکانی ئەمدواییە وایکرد چەمکەکانی وەک "سەربەخۆیی بەرگریی ئەوروپی" زیندوبکرێنەوەو گەڕان بەدوای کاراکردنی مادەی (42.7)ی پەیماننامەی لیسبۆن وەک جێگرەوە یان تەواکەری مادەی پێنجەمی ناتۆ دەستیپێکردوە.

داواکارییەکان بۆ دروستکردنی ئەوەی پێی دەوترێت "ناتۆی ئەوروپی" ڕوو لەزیادبونە، بەڵام ئەم ڕێگەیە ڕوبەڕوی ئاستەنگ دەبێتەوە، کە گرنگترینیان نەبونی کۆدەنگییە لەنێوان دەوڵەتاندا.

لەهاوپەیمانی گشتگیرەوە بۆ هاوپەیمانی خوازیاران
یەکێک لەئاراستە دیارەکان گۆڕانە بەرەو مۆدێلی هاوپەیمانی خوازیاران کە تێیدا گروپێکی دیاریکراو لەوڵاتان سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەکەن لەبری ئەوەی چاوەڕێی کۆدەنگی هەموو ئەندامان بن، ئەم مۆدێلە لەپشتگیریکردنی ئۆکرانیادا دەرکەوت‌و ڕەنگە لەداهاتودا زیاتر بێتە پێشەوە، بەڵام مەترسی لێکترازانی ناوخۆیی دروستدەکات.

تورکیا.. قۆستنەوەی دەرفەت بۆ بەهێزکردنی هەژمون
میوانداریکردنی لوتکەکە لەلایەن ئەنكەرەوە تەنها پرسێکی پرۆتۆکۆڵی نییە، بەڵکو گوزارشتە لەبەهێزبونی ڕۆڵی تورکیا لەناو ناتۆدا، ئەنكەرە هەوڵدەدات ئەم ساتەوەختە بقۆزێتەوە بۆ چەسپاندنی پێگەی خۆی، چ لەڕێگەی پەرەپێدانی پڕۆژە سەربازییە هاوبەشەکان، یان پێشنیازکردنی دروستکردنی هێزی فرە نەتەوەیی بەسەرکردایەتی تورکیا.

هەروەها تورکیا کاردەکات بۆ نیشاندانی پێشکەوتنەکانی لەپیشەسازیی بەرگریدا، لەکاتێکدا ئەوروپا بەدوای بەدیلدا دەگەڕێت بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بەئەمریکا.

پیشەسازی بەرگریی‌و تەکنەلۆژیا لەچەقۆى گفتوگۆکاندا
چاوەڕواندەکرێت لوتکەکە جەختبکاتەوە له‌سەر پەرەپێدانی توانای تەکنەلۆژیی، وەک درۆن‌و ژیریی دەستکرد، بەڵام ئەم ڕێگەیە ڕوبەڕوی ئاستەنگی وەک ناکۆکی پیشەسازیی نێوان وڵاتانی ئەوروپا دەبێتەوە.

قەیرانی متمانە لەنێوان دوو دیوی ئەتڵەسی
ڕاپۆرتەکان دەربارەی نیەتی واشنتۆن بۆ سزادانی هەندێک وڵاتی ناو ناتۆو پۆلێنکردنیان بۆ پاپەندو ناپابەند، قووڵی قەیرانەکە دەردەخەن، هەڕەشەی کشانەوەی هێزی زیاتر لەئیتاڵیاو ئیسپانیا گرژییەکان زیاتر دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا، ئاماژەکان بۆ کشانەوەی تەواوەتی ئەمریکا نین، بەڵکو بۆ دوبارە جێگیربونەوەیە کە سروشتی پەیوەندییەکان دەگۆڕێت.

بەرەو سیستمێکی ئەمنی نوێ
ئەم لوتکەیە لەکاتێکدایە کە سیستمی نێودەوڵەتی بەرەو جەمسەربەندیی فرەچەشن دەچێت، تەحەدییەکان تەنها سەربازیی نین، بەڵکو ئاسایشی ئەلیکترۆنی، وزەو شەڕی تێکەڵاویش دەگرێتەوە، شیکەرەوان پێیانوایە، لوتکەکە دەبێتە هۆی بڕیارگەلێک کە ڕۆڵی ئەوروپا لەناو ناتۆدا بەهێزتر دەکات، بەڵام بەپاراستنی ڕۆڵی ئەمریکا بەشێوازێکی جیاواز.

ساتەوەختی یەکلاکەرەوە بۆ داهاتوی هاوپەیمانییەکە
لوتکەی ئەنكەرە لەبەردەم دوڕیانێکدایە، یان دوبارە یەکگرتنەوەی ناتۆ لەڕێگەی دابەشکردنێکی نوێی ڕۆڵەکان، یان چونە ناو قۆناغێکی لێکترازانی پلە بەپله‌، لەژێر فشاری واشنتۆن‌و چاوچنۆكى ئەنكەرەو نیگەرانییەکانی ئەوروپا، ئەنجامەکانی ئەم لوتکەیە نەک هەر بۆ داهاتوی ناتۆ، بەڵکو بۆ هاوکێشە ئەمنییەکانی ئەوروپاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش چارەنوسساز دەبن.