شارپرێس:
دوای بێسەروشوێنبونی دوو سەرباز لەکاتی مانۆڕە
نێودەوڵەتییەکاندا، پرۆسەیەکی گەڕانی هاوبەش لەنێوان ئەمریکاو مەغریبو چەند وڵاتێکی
دیكه دەستیپێکردوە، سەرچاوەیەکی ئەمریکی دهڵێت، "بێسەروشوێنبونی ئەو دوو سەربازە
پەیوەندیی بەتیرۆرەوە نییەو ئەگەری زۆرە کەوتبنه ناو زەریاوە".
فەرماندەیی سەربازیی ئەمریکا لەئەفریقا (AFRICOM) بێسەروشوێنبونی دوو سەربازی ئەمریکی لەباشوری
ڕۆژئاوای مەغریب ڕاگەیاند، ئەمەش دوای بەشداریکردنیان لەمانۆڕە سەربازییە فرە نەتەوەییەکان
لەچوارچێوەی مەشقی شێری ئەفریقا، دواتر سەرچاوەیەکی ئەمریکی بەئاژانسی ڕۆیتەرزی
وتوه، "بێسەروشوێنبونی ئەو دوو سەربازە، پەیوەندیی بەتیرۆرەوە نییەو وا دادەنرێت
کە کەوتبنە ناو زەریاوە".
لەلایەکی دیكهوه، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ-ى
ئهمریكى نوسیویهتى، "خەمڵاندنە سەرەتاییەکان دەریدەخەن ئەو دوو سەربازە لەکاتی
پیاسەکردندا لەسەر لێوارێکی شاخاوی لەباشوری ڕۆژئاوای مەغریبەوە کەوتونەتە ناو زەریای
ئەتڵەسییەوە".
ڕاپۆرتەکە لەزاری سەرچاوەیەک لەوەزارەتی بەرگری
ئەمریکا (پێنتاگۆن) گواستویەتییەوە کە ئەو دوو سەربازە دواجار دوای بەشداریکردنیان
لەمانۆڕە سەربازییەکان بینراون، پێشبنیهكانیش دهڵێن، دوای کۆتاییهاتنی مەشقە ڕۆژانەکان،
بۆ پیاسەکردن چوبنە دەرەوەو پاشان بێسەروشوێن بون.
بهگوێرهى زانیارییەکان، دەستبەجێ دوای
ئاگادارکردنەوە لەبێسەروشوێنبونیان، هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکاو مەغریب پرۆسەیەکی
فراوانی گەڕانو ڕزگارکردنیان دەستپێکردوەو هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەیان تائێستا بەردەوامن.
بهگوێرهى فهرماندهیى سهربازیى ئهمریكا لهئهفریقیا،
ڕوداوەکە ڕۆژى 2ى ئهم مانگه لەنزیک ناوچەی مەشقی (کاپ دراع ـ Cap Draa) لەنزیک شاری تان تان، کە دەکەوێتەسەر کەناراوەکانی
زەریای ئەتڵەسی، ڕویداوە.
ئاماژە بەوەشدراوە، پرۆسەی گەڕانو ڕزگارکردن بەبەشداریی
هێزەکانی ئەمریکا، مەغریبو وڵاتانی دیكهى بەشدار لەمەشقەکە بەردەوامە، ڕوداوەکەش
لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئەمریکی گواستییەوە کە بڕوا
نەکراوە بێسەروشوێنبونی ئەو دوو سەربازە پەیوەندیی بەهیچ چالاکییەکی تیرۆریستییەوە
هەبێت، بەڵکو پێشبینیدەکرێت لەکاتی بەشداریکردنیان لەمانۆڕەکاندا کەوتبێتنە ناو زەریای
ئەتڵەسییەوە.
مانۆڕەکانی شێری ئەفریقیا یەکێکە لەگەورەترین مەشقە
سەربازییە هاوبەشە ساڵانەکان کە ئەمریکا لەکیشوەری ئەفریقیا ئەنجامیدەدات، ئەم مەشقانە
لەساڵی 2004وه دەستیپێکردوەو ئەمساڵ چالاکییەکانی چەند وڵاتێک دەگرێتەوە لەوانە
تونس، گاناو سەنیگالو بڕیارە لە8ى ئهم مانگهدا کۆتایی پێبێت.
