ئه‌مریكا مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ له‌سه‌ر عێراق‌و هەرێم ئاشكراده‌كات

کوردستان

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3797 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەپەیامێکی کتوپڕو مەترسیداردا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا هێڵی سور بەدەوری عێراق‌و هەرێمی کوردستاندا دەکێشێت‌و ڕایدەگەیەنێت، "گروپە چەکدارەکان بۆ هێرشی نوێ ئامادەن‌و هیچ شوێنێک ئارام نییە".


به‌گوێره‌ى زانیارییەکانی واشنتۆن، گروپە چەکدارەکان پلان بۆ هێرشی نوێ دادەڕێژن کە ئامانج لێی هاوڵاتیانی ئەمریکی‌و بنکەو بەرژەوەندییەکانە لەسەرتاسەری عێراق، ئەوەی ئەمجارە جیاوازە، ئاماژەدانە بەبونی (کەلێنێکی ئەمنی) لەئاسمانی وڵاتدا، باڵیۆزخانە هۆشداریدەدات کە مەترسیی موشەک‌و درۆنەکان هێشتا بەسەر ئاسمانی هەرێم‌و عێراقەوە ماوە، ئەمەش دڵەڕاوکێی لای گەشتیاران‌و بازرگانان دروستکردوە.

هه‌روه‌ك ئه‌مریكا هۆشدارییه‌كى تایبه‌تى ڕاگه‌یاندوه‌و باسى لەهێرشی گروپە چەکدارەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان كردوه‌و ئەمەشى به‌نیشانەی ئەوەی کە ململانێ نێودەوڵەتییەکان خەریکە سنورەکان دەبەزێنن‌و ئارامیی هەولێرو ناوچەکانی دیكه‌ى هەرێم دەخەنە ژێر پرسیارەوە ناوبردوه‌.

ئەمریکا بەڕاشکاوی دەڵێت، "هەندێک لایەن لەناو حکومەتی عێراقدا چەترێکی پارێزگارییان بۆ ئەم گروپانە دروستکردوە".

وه‌كو ئه‌مریكا باسیكردوه‌، "ئاستی مەترسیی هێرشه‌كان گەیشتوەتە پله‌ى چوار، واتە بەرزترین ئاستی مەترسی، له‌به‌رئه‌وه‌ داوا له‌سه‌رجه‌م ئه‌مریكیه‌كان ده‌كه‌ین، بۆ هیچ مەبەستێک گەشت نەکەن بۆ عێراق‌و ئەگەر لەوێشن، دەستبەجێ بڕۆنە دەرەوە".