ترەمپ لەپۆستێکی هەڕەشەئامێزدا: چیتر ئێرانییەکان پێناکەننەوە

جیهان

10/05/2026‌ 544 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دۆناڵد ترەمپ هێرشێکی توندی کردە سەر ئیدارە دیموکراتەکانی پێشوو و ڕایگەیاند کە تاران بۆ چەندین دەیە لاوازیی سەرکردایەتیی واشنتۆنی قۆستووەتەوە بۆ بوژاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و فراوانکردنی هەژموونی ناوچەیی خۆی.

 
ترەمپ لە پۆستێکی توڕی "تروس سۆشیاڵ"دا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران 47 ساڵ سیاسەتی کاتکوشتنی بەرامبەر جیهان پەیڕەو کرد، بەڵام لە سەردەمی باراک ئۆبامادا گەیشتە ئامانجەکانی.

ترەمپ پێی وایە ئۆباما بە تەواوی لایەنگری ئێرانی کردووە و پشتی لە ئیسرائیل و هاوپەیمانان کردووە، بەمەش دەرفەتێکی نوێ و بەهێزی بە تاران بەخشیوە. 

ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە سەدان ملیار دۆلار، لەوانە 1.7 ملیار دۆلاری کاش بە فڕۆکە و جانتا ڕەوانەی تاران کراوە، بەجۆرێک تەنانەت دەسەڵاتدارانی ئێرانیش باوەڕیان بەو بەختە گەورەیە نەکردووە کە بەبێ ماندوبوون بۆیان ڕەخساوە.

لە درێژەی قسەکانیدا، ئۆبامای بە سەرکردەیەکی ساویلکە و لاواز وەسف کرد کە کارەساتی بۆ ئەمریکا خوڵقاندووە، هەرچەندە پێی وایە جۆ بایدن لەویش خراپتر بووە.

 ترەمپ ئێرانی تۆمەتبار کرد بە کوشتنی سەربازانی ئەمریکی و سەرکوتکردنی توندی خۆپیشاندەران و ڕایگەیاند کە دەسەڵاتدارانی تاران 42000 کەسی بێتاوانیان کوشتووە. 

ترەمپ بە تۆنێکی هەڕەشەئامێز کۆتایی بە پۆستەکەی هێناوە و وتویەتی: ئێران ئێمەی رادەکێشا و جیهان لەچاوەڕوانیدا بوو، لە کاتێکدا ئەوان بە وڵاتەکەمان پێدەکەنن، کە ئێستا دیسانەوە گەورەبۆتەوە، بەڵام چیتر پێناکەننەوە.