ئیسرائیل وادەی دەستپێكردنەوەی جەنگ ئاشكرادەكات

جیهان

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1521 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
میدیاکانی ئیسرائیل ئاشكرایانكرد كەلەئاستی باڵادا بڕیاردراوە لەئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکان، هێرشەکان پێش دەستپێکردنی مۆندیالی 2026 بۆ سەر ئێران دەستپێكبرێتەوەو بۆ ئەوەش سوپا خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.


ئیال زەمیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، سوپا لەحاڵەتی ئامادەباشی دەستبەجێدایە بۆ گەڕانەوە بۆ ناو جەنگی دژ بەئێران. 

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵی I24NEWS، سوپای ئیسرائیل چەند هەفتەیەکە لەو دۆخی ئامادەباشییەدا ماوەتەوەو پێشبینی دەکرێت بەهۆی سەرقاڵی دۆناڵد ترەمپ بەکۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆکی چین لەم هەفتەیەدا، هیچ کردەوەیەکی سەربازی ڕونەدات، بەڵام خشتە کاتییەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر هێرشەکە ئەنجام بدرێت، لەنێوان کۆتایی ڕۆژی دوشەممەی هەفتەی داهاتوو تاوەکو پێش دەستپێکردنی یارییەکانی مۆندیال لە 11ـی حوزەیرانی 2026 دەبێت.

كەناڵەكە ئەوەشی ئاشكراكردوە، كەلەئاستی باڵادا كۆبونەوەی ورد ئەنجامدراوەو سەرجەم ئامادەكارییەكان كراون تا جەنگەكە جارێكی دیكە دەستپێبكاتەوە.


ئەمە لەكاتێكدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، وەڵامی ئێران بۆ پێشنیازەکەی واشنتن بەمەبەستی کۆتاییهێنان بەجەنگ، بە هیچ شێوەیەک وەرنەگیراوەو قبوڵکراو نییە.