قائانی داوایەکی قورس لەبەغدا دەکات و ئەمریکاش هەڕەشە دەکات

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1004 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئیسماعیل قائانی لەدوایین سەردانیدا بۆ بە‌غدا داوای لەسەرکردەکانی چوارجێوەی هەماهەنگی کردوە فەرماندەکانی گروپە چەکدارەکان لە حکومەت دورنەخرێنەوە و چەک لەو هێزانە نەسەنرێتەوە، هاوکات ئیدارەی ترەمپ بەمەرجی چەکدانانی ئەو گروپە چەکدارانە، پشتگیری لە عەلی زەیدی، کاندیدی راسپێرداو بۆ سەرۆک وەزیران دەکەن.


ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرای کردووە، بەپێی وتەی بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمریکا، زەیدی ڕووبەڕووی گوشارێکی توندی واشنتۆن بۆتەوە، بەتایبەت کە خاوەنی بانکێکە و لە ساڵی 2024دا لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە بە تۆمەتی مامەڵەکردن لەگەڵ سەرکردەکانی میلیشیاکانی سەر بە سوپای پاسداران، لە بەکارهێنانی دۆلار قەدەغە کراوە.

زەیدی کە کەسایەتییەکی سیاسی کەمتر ناسراوە و پێشتر هیچ پۆستێکی فەرمیی نەبووە، وەک بژاردەیەکی سازان هاتە پێشەوە دوای ئەوەی ترەمپ هۆشداریی دابوو کە ئەگەر نوری مالیکی بۆ ئەو پۆستە کاندید بکرێت، هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق دەبڕێت.

لەلایەکی دیکەوە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران، لە سەردانێکی ئەم دواییەیدا داوای لە بەرپرسانی عێراق کردووە کە میلیشیاکان لە حکومەت دوور نەخەنەوە و هەوڵی چەککردنیان نەدەن.

هەروەک وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە دەبێت ڕێکاری توند دژی ئەو گروپانە بگیرێتەبەر کە زیاتر لە 600 هێرشیان کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانیان.

شیکەرەوەکان پێیان وایە ئەم داواکارییانەی ئەمریکا مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر زەیدی و ڕەنگە ڕووبەڕووبوونەوەی میلیشیاکان کاردانەوەی توندی لێ بکەوێتەوە.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی