کەنەکە: هەڵوێستەکەی ترەمپ زیان بەپەیوەندی نێوان کوردو ئەمریکا دەگەیەنێت

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 350 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، سەبارەت بەهەڵوێستەكانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لەبارەی كوردەوە، ڕایگەیاند، ئەم هەڵوێستە ناڕەوایەی سەرۆکی ئەمریکا هەموو کورد دەخاتە گومانەوەو زیان بەپەیوەندییەکانی نێوان کوردو ئەمریکا دەگەیەنێت.


کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، ماوەیەکە بەڕێز دۆناڵد ترەمپ دەڵێت: چەکمان دا بەکورد بۆ ئەوەی بگاتە دەستی نەیارانی ڕژێمی ئێران، بەڵام کورد ئەو چەکانەی پێنەداون و بۆ خۆیان هێشتویانەتەوە. ترەمپ چەندین جار و بە شێوازی جیاواز ئەم لێدوانەی دووبارە کردووەتەوە و بە توندی لەسەر کورد دەئاخڤێت، ئەم هەڵوێست و ڕەفتارە بۆنی پیلانێکی دژەکوردی لێ دێت".

لەڕاگەیەندراوەكە ئەوەش هاتوە، كە بێگومان ئاشکرایە هەندێک هێزی نەیاری کورد پلانی دژەکورد بەڕێوە دەبەن و كەنەكە دەشڵێت،" دەمێکە کورد و ئەمریکا پەیوەندییان هەبووە و ڕۆژانی خۆش و ناخۆشمان پێکەوە بەسەر بردووە. ئەم هەڵوێستە ناڕەوایەی سەرۆکی ئەمریکا هەموو کورد دەخاتە گومانەوە و زیان بە پەیوەندییەکانی نێوان کورد و ئەمریکا دەگەیەنێت، ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ئەم هەڵوێست و گوتارانە قبووڵ ناکەین و بە مەترسیداری دەیبینین".

كەنەكە جەختیش دەكاتەوە، كە ئەم چیرۆکی چەک بە کورددانە چەندە ڕاستە یان ناو نوسییوەتی،" دەبێت ڕوون بکرێتەوە، ئێمە دەزانین ئەو حزب و ڕێکخراوانەی کە ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانن لەم جۆرە مامەڵانەدا بەشدار نەبوون و نین، ئێمەش وەک کۆنگرە هیچ زانیارییەکمان لەسەر ئەم کارە نییە".

لەدرێژەی ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش دوپاتدەكەنەوە كەنابێت كورد بەگشتی تاوانباربكرێت و دەڵێت،"بەڕێز ترەمپ نابێت هەموو کورد تاوانبار بکات و دەبێت ڕوونی بکاتەوە کە لەگەڵ چ لایەنێکی کورد ئەم مامەڵەیەی کردووە".

كەنەكە پێشنیار دەكات، كە پێویستە ئەو لایەنە کوردییانەی لەم بارەیەوە لەژێر گوماندان، بێنە دەنگ و ئەم بابەتە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا و ڕوون بکەنەوەو ڕاشیدەگەیەنن، كە"ئێمەی کورد لە سەرانسەری کوردستاندا بۆ ئازادی خەبات دەکەین، لەم خەباتەدا پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان دادەمەزرێنین، هەروەها دەمانەوێت دۆستەکانمان زیاتر بکەین و پشتگیریی بۆ دۆزەکەمان فراوانتر بکەین. ئێمە سەرباز و نۆکەری هیچ وڵات و کەسێک نین، لە پەیوەندییەکانماندا پابەندی بەڵێنەکانی خۆمانین و وابەستەی بەها مرۆییەکانین، تا کۆتاییش لەسەر ئەم بەهایانە بەردەوام دەبین".