لایەنە عەرەبییەکانی کەرکوک رێککەوتن و هاوپەیمانێتیيەکیان پێکهێنا

عیراق

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 369 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی نوسراوێكی فەرمی، لایەنە عەرەبییەكانی كەركوك لەئەنجومەنی پارێزگاکە هاوپەیمانێتییەكی فراوانیان  بەسەرۆكایەتی ڕاكان جبوری پێکهێناوە، کە پێنج کورسیان لەئەنجومەنەکەدا هەیە.

لەنوسراوەكەدا هاتوە، ئامانج لەدروستكردنی ئەم هاوپەیمانێتیە، یەكخستنی هەڵوێستیانە لەچالاكییە سیاسی و ئیداری و یاساییەكاندا لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك.

هاوپەیمانێتییەكە بەناوی (فراکسیۆنی عەرەبی لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک) بەسەرۆکایەتی ڕاکان سەعید جبوری پێكهێنراوە.

دروستكردنی ئەم هاوپەیمانێتیيە لەكاتێكدایە، لەچەند ڕۆژی ڕابردودا باڵیۆزی توركیا سەردانی شاری كەركوكی كردو لەگەڵ سەرجەم لایەنە عەرەبییەكانی شارەكە كۆبوەوە.

هاوكات، لەبارەی پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی تایبەت بە بەرەی توركمانیشەوە، ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لەپەرلەمانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە،" كارمان كردوە هاوپەیمانێتیەكی تایبەت بە هێزە توركمانییەكان دروست بكەین و پۆستەكانی پارێزگای كەركوك لەگەڵ پێكهاتەكانی تری شارەكە بكەنە خول و پارێزگاری كەركوك و سەرجەم پۆستەكانی دیكە بە ڕێككەوتن دیاربكرێن، نەك بەزۆرینەو كەمینە ".