ناڕەزایەتییەکان لەدژی قسەکانی ترەمپ فراوانتر دەبێت: بۆنی پیلانێکی مەترسیداری لێدێت

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1699 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمەڵەی ئاسۆی کوردستان پەیامێکی ناڕەزایەتی لەبارەی قسەکانی ترەمپ سەبارەت بە کورد ئاراستەی ڕای گشتی و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەکات و دەڵێت، لێدوانە توندەکە لە رەوشێکدایە، ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریی گەورەدایە، بۆنی پیلانێکی مەترسیداری لێدێت. 

کۆمەڵەی ئاسۆی کوردستان (کەزی ) لەپەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردوە، دوای چەندین ساڵ لەهاوپەیمانیی ستراتیژی و قوربانیدانی بێوێنەی گەلی کوردستان، لەپێناو ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و  جیهاندا، لێدوانە دوبارەبوەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا سەبارەت بە پرسی پڕچەککردنی کورد و تۆمەتبارکردنیان بە "گلدانەوەی چەک"، بوەتە جێگەی نیگەرانییەکی قوڵ و تێڕامان!

ئەوەشیخستەڕوو،" پەیوەندیی نێوان کورد و ئەمریکا  هەر تەکنیکی و سەربازی نەبوە، مێژویەکی هاوبەشی پڕ لە ڕۆژانی خۆش و ناخۆشە، کورد لە سەختترین کاتەکاندا هاوبەشێکی راستگۆ و  قەڵغانی بەرگری لەدژی تیرۆر و توندڕەوی بوە، هاوکاریی و کۆمەکە سەربازییانەی پێشکەشی کراون، هەرگیز لە ئاستی ئەو قوربانییە گەورانەدا نەبوە گەلەکەمان بۆ ئازادی و دیموکراسی بەخشیویەتی ".

کۆمەڵەی ئاسۆی کوردستان دەڵێت،" لێدوانە توندەکە لە رەوشێکدایە، ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریی گەورەدایە، بۆنی پیلانێکی مەترسیداری لێدێت، لەو بڕوایەداین هێزە نەیارەکانی کورد بەمەبەستی شێواندنی وێنەی کورد و تێکدانی پەیوەندییەکانمان، لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، زانیاریی نادروست دەدەنە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی ئەمەریکا ".

کۆمەڵەی ئاسۆی کوردستان هۆشداری و باس لەوەدەکات،" جارێکی تر نابێت کورد  بکرێتە قوربانیی ململانێی زلهێزەکان و نەیارانی ناوچەیی، تێکدانی پەیوەندی و بەرژەوەندی هاوبەشەکان گومانخستنە سەر ڕاستگۆیی کورد، خزمەت بەو هێزانەیە کە دژایەتی ئاشتی و سەقامگیری دەکەن ".

لەپەیامەکەدا ئەوەش هاتوە،" شکاندنی ئەم شانەیە لەسەری کورد، نەک هەر زیان بە گەلێکی ستەملێکراو دەگەیەنێت، بەڵکو تەواوی نەخشەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەخاتە مەترسییەوە ".

کۆمەڵەی ئاسۆی کوردستان داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕای گشتی ئەمەریکا دەکات رێگری بکەن لە هەر بڕیارێکی نادروست کە زیان بە هاوپەیمانە ڕاستەقینەکانیان بگەیەنێت.

راشیدەگەیەنێت،" پێویستە سەرکردایەتی ئەمەریکا  نەکەوێتە داوی ئەو پیلانانەی دەیانەوێت کورد وەک کارتێکی فشار بەکاربهێنن و دواتر پشتگوێی بخەن، کورد هەمیشە فاکتەری ئاشتی بوە و دەبێت،  بە لێدوانی ناڕەوا ناکرێت مێژوی قوربانیدانی و ناسنامەی گەلێکی ئازادیخواز  لەکەدار بکرێت.