شارپرێس:
کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەهەنگاوێکی نوێی یاساییدا
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، سکاڵایەکی فەرمیی لەدژی ئەمریکا لەدیوانی ناوبژیوانیی ئێرانو
ئەمریکا لەشاری لاهای هۆڵەندا تۆمارکرد، تاران لەسکاڵاكهیدا، واشنتۆن بەپێشێلکردنی
ڕێککەوتننامەی مێژویی جەزائیر تۆمەتبار دەکات.
میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، بنەمای
سکاڵاکە لەسەر سێ تەوەری سەرەکی داڕێژراوە کە بریتین لە"ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی،
سەپاندنی سزای ئابوریی قورسو دەستوەردان لەکاروباری ناوخۆی وڵاتەکە".
بهگوێرهى ڕاپۆرتەکان، ئێران ئاماژەی بەجەنگی
12 ڕۆژەو ئەو هێرشانەش کردوە کە لە28ى شوباتی ئهمساڵهوه دەستیانپێکرد، وەک بەڵگەی
پێشێلکارییەکانی ئەمریکا.
ئەم کێشمەکێشمە یاساییە لەکاتێکدایە، کە بهگوێرهى
ڕێککەوتننامەی جەزائیر (کە لەکانونی دوەمی ساڵى 1981 بۆ کۆتایهێنان بەقەیرانی
بارمتەگرتنی دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکان لەتاران واژۆکرا)، ئەمریکا بەڵێنیدابوو، بەهیچ
شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەستوەردان لەکاروباری ناوخۆیی، سیاسییو سەربازیی
ئێراندا نەکات.
ئەم کەیسە نوێیە بارگرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات
لەدادگا نێودەوڵەتییەکان قووڵتر دەکاتەوە، چونکە لەئێستادا دوو سکاڵای دیکەی ئێران
لەدژی ئەمریکا لەدادگای نێودەوڵەتیی داد (ICJ)
لەئارادان؛ یەکێکیان تایبەتە بەکشانەوەی واشنتۆن لەڕێککەوتنی ئەتۆمی (بەرجام)و ئەوی
دیکەشیان سەبارەت بەدەستبەسەرداگرتنی نزیکەی دوو ملیار دۆلار لەسامانی بانکی ناوەندیی
ئێرانه لەلایەن ئهمریكاوه.
