شارپرێس:
لەکاتێکدا ناوچەکە بەدەست ئاڵۆزییەکی قووڵی ئەمنییو
سەربازییەوە دەناڵێنێت، عێراق چەند هەنگاوێکی ستراتیژی نوێی بۆ چەسپاندنی سەروەریی
خاکەکەییو بەهێزکردنی توانای ناوخۆیی هێزە ئەمنییەکانی ڕاگەیاند، ئەم هەنگاوانە
دوو ڕەهەندی سەرەکی دەگرنەبەر، پڕچەککردنی هێزەکان بەتەکنەلۆژیای هاوچەرخو چاکسازیی
لەکەرتی ئەمنیدا لەڕێگەی قۆرخکردنی چەک تەنها لەدەستی دەوڵەتدا.
بازدانی تەکنەلۆژیی.. فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی SARA 1 بهكاردههێنرێت
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لەبەیاننامەیەکی
فەرمیدا وەرچەرخانێکی گرنگی لەپەرەپێدانی توانا هەواڵگرییو مەیدانییەکانی ڕاگەیاند،
بهگوێرهى بەیاننامەکە، سیستەمی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی فرەمەبەستی (SARA 1) بەشێوەیەکی فەرمی خرایەگەڕ.
ئەم درۆنە نوێیە کە تاقیکردنەوە مەیدانییە ڕاستەوخۆکانی
بەسەرکوتویی بڕیوە، خاوەنی سیستەمێکی چاودێرییو بینینی پێشکەوتوە کە دەتوانێت لەکاتەکانی
شەوو ڕۆژداو لەژێر بارودۆخی جیاوازی کەشوهەوادا کاربکات.
شارەزایانی ئەمنی پێیانوایە، خستنەگەڕی SARA 1 توانایەکی بەرز بەهێزە ئەمنییەکان
دەبەخشێت بۆ مانۆڕکردن، وەڵامدانەوەی خێراو کۆنترۆڵکردنی هاوچەرخی هەڕەشە ئەمنییەکان
لەسەر زەوی.
پەیامی بەغدا بۆ دەرەوە.. عێراق نابێتە مەیدانی
شەڕ
هاوشانی ئەم پێشکەوتنە تەکنەلۆژییە، قاسم ئەعرەجی
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لەدانیشتنێکی (ئەنجومەنی ئەتڵەسی
- Atlantic Council)
لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی دەرەوەو ئەمنی وڵاتەکەی ڕونکردەوە.
ئەعرەجی بەتوندی جەختی لەسەر پێگەی بێلایەنی عێراق
کردەوەو ڕایگەیاند، "عێراق بەتوندی بەکارهێنانی خاکەکەی بۆ هێرشکردنەسەر هەر
وڵات یان لایەنێک ڕەتدەکاتەوە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، بەغدا خاکەکەی وەک گۆڕەپانی
ململانێی هەرێمیو نێودەوڵەتی نابینێت، بەڵکو دەیەوێت ببێتە پردی پەیوەندییو هێورکردنەوەی
گرژییەکان لەڕێگەی بەکارهێنانی پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ هەم کۆماری ئیسلامی ئێرانو
هەم ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا.
شەڕی ناوخۆیی سەپاندنی یاسا.. چەک تەنها لەدەستی
دەوڵەتدا
یەکێک لەگرنگترینو هەستیارترین خاڵەکانی گوتارەکەی
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، پەیوەستبوو بەپرسی گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی چوارچێوەی
فەرمی دەوڵەت.
ئەعرەجی ئاشکرایکرد، "مەلەفی کۆنترۆڵکردنی
چەکو کۆکردنەوەی تەنها لەدەستی دەوڵەتدا، ئەولەویەتو گرنگییەکی ئێجگار گەورەی دەبێت
لەکارنامەی حکومەتی نوێی عێراقدا".
ئەعرەجی ڕونیکردەوە، "چاکسازیی لەکەرتی ئەمنیدا
بابەتێکی کاتی نییە، بەڵکو پەیوەستە بەجەوهەری مانەوەی دەوڵەتی هاوچەرخی عێراقەوە،
عێراق دەیەوێت هاوبەشییەکی ستراتیژی بەهێز لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بونیادبنێت،
ئەمەش ناتوانرێت جێگیربکرێت بەبێ هەبونی دەوڵەتێکی بەهێز کە چەک قۆرخبکاتو سەروەری
یاسا بسەپێنێت".
چاودێران پێیانوایه، ئەم گۆڕانکارییە نوێیانە
نیشانیدەدەن کە عێراق لەقۆناغی داهاتودا دەیەوێت لەڕێگەی تێکەڵکردنی تەکنەلۆژیای سەربازییو
یاسای توندەوە، کۆتایی بەدیاردەی چەکی بێسەروبەر بهێنێت، سەرکەوتنی ئەم پلانەش بەندە
بەتوانای حکومەتی نوێ لەسەر جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی لەسەر زەمینی واقعداو بەرەنگاربونەوەی
ئەو ئاستەنگانەی کە لەلایەن هێزە نافەرمییەکانەوە دێنە پێشی.
