شارپرێس:
وەزارەتی سوپای فەرەنسا بونی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری
(شارل دیگۆل) لەگەروی هورمز ڕەتدەکاتەوەو جەختدەکاتەوە، کەشتییەکە خەریکی جێبەجێکردنی
ئەرکێکی نێودەوڵەتییە بۆ دابینکردنی ئاسایشی کەشتیوانی لەدەریای سورو کەنداوی عەدەن.
وەزارەتی سوپای فەرەنسا دوپاتیکردەوە، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری
(شارل دیگۆل) لەئێستادا لەگەروی هورمز نییە، جوڵەکانیشى لەچوارچێوەی ئەرکێکی دەریایی
فراوانتردایە لەناوچەی دەریای سورو کەنداوی عەدەن.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردوه، گروپی جەنگیی
ناو کەشتییەکە بەردەوامن لەجێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی پەیوەستن بەدابینکردنی ئازادیی
کەشتیوانی لەڕێڕەوە دەریاییە نێودەوڵەتییەکاندا، ئەوەش لەچوارچێوەی هاوکارییەکی فرەنەتەوەیی
لەناوچەکەدا، بێئەوەی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بچنە ناو گەروی هورمزەوە.
ئەم ڕونکردنەوەیە دوای ئەوەهات، هەندێک ڕاپۆرتی
میدیایی باسیان لەبون یان جوڵەی کەشتییەکە لەنزیک گەروی هورمز کردبوو، کە وەزارەتی
سوپا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆو لەڕێگەی دیاریکردنی ڕێڕەوی ئۆپەراسیۆنە دەریاییە بەردەوامەکان،
ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە.
ئەم جوڵانە لەکاتێکدایە کە گرژییە هەرێمییەکان
لەدەریای سورو ئاوەکانی دەوروبەریدا ڕویان لەزیادبونکردوە کە تێیدا چەندین هێزی دەریایی
نێودەوڵەتی بەردەوامن لەجێبەجێکردنی ئەرکی چاودێرییو پاراستنی کەشتیوانی بازرگانی.
