زانیارییەکی گرنگ لەبارەی دیلەکانی هەسەدەوە ئاشکرادەکرێت

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 894 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

ئەحمەد هیلالی وتەبێژی تیمی سەرۆکایەتیی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی تێکەڵکردن، ڕایگەیاند کە حکومەتی سوریا بەردەوامە لەکارکردن لەسەر دۆسیەی دەستبەسەرکراوانی هەسەدەو چاوەڕواندەکرێت پێش جەژنی قوربان کۆتایی پێ بهێنرێت، چونکە ئێستا حکومەت خەریکی سەرژمێری کۆتایی دەستبەسەرکراوەکانە.


سەبارەت بە کۆشکی دادی حەسەکە، هیلالی ڕوونی کردەوە کە کێشەکە تەواو یاساییە و بەپێی ڕاگەیاندنی دەستووریی کاتی، زمانی عەرەبی تەنیا زمانی فەرمی دەوڵەتە، چونکە کۆشکی داد هێمایەکی سەروەریی دەسەڵاتی دادوەرییە و دۆسیەکە تەنیا لە ڕێگەی چوارچێوە یاساییەکانەوە یەکلایی دەکرێتەوە.

هیلالی ئاماژەی بەوەش کرد کە مەرسومی ژمارە 13ی سەرۆک ئەحمەد شەرع هەنگاوێکی گرنگە، چونکە زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانیی ناساندووە و ڕێگەی بە فێربوون و فێرکردنی داوە، ئەمەش دەرفەتی فراوانتر بۆ بەکارهێنانی لە داهاتوودا دەڕەخسێنێت و ئێستاش چەندین دامەزراوە لە حەسەکە تابلۆکانیان بە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی داناوە.

سەبارەت بە پرسی پشتێنی عەرەبی و سەرژمێری ساڵی 1962، ڕایگەیاند کە هیچ پێشهاتێکی نوێ نییە و شوێنەوارەکانی سەرژمێرییەکە لە ڕێگەی گێڕانەوەی ڕەگەزنامە بۆ بێگانە و بێناسنامەکان بەپێی مەرسومی 13 چارەسەر دەکرێن، پرسی پشتێنەکەش لە ڕێڕەوە یاساییەکانەوە دەبێت.

لە کۆتاییدا دەربارەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێ کانی، هیلالی جەختی کردەوە کە ئەمە پێویستی بە ژینگەیەکی ئارام هەیە و ئێستا لە ڕێگەی تێکەڵکردنی هێزەکانی ئاسایش لەگەڵ ئاسایشی ناوخۆی حەسەکەدا کار بۆ ڕەواندنەوەی مەترسییە ئەمنییەکان دەکرێت.