شارپرێس:
لەهەنگاوێکی تونددا بۆسەر داهاتوی سیاسییو
دارایی کۆمەڵەی ئیخوان، کۆنگرێسو کۆشکی سپی کاروانێکی نوێی سزای یاساییو سەربازییان
دەستپێکردوە کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بەهەژمونی ئەو گروپە لەجیهاندا.
ئیخوان لەتەنیشت داعشو قاعیدە
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەستراتیژیی نیشتمانیی ئهمساڵیدا
بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، گروپی ئیخوانی خستوەتە هەمان ڕیزی گروپه تیرۆریستیهكانى
داعشو قاعیدە، چاودێرانی سیاسیش پێیانوایه، ئەمە تەنها گۆڕانکاریی لەناو نییە، بەڵکو
گۆڕینی مامەڵەیە لەکێشەیەکی سیاسییەوە بۆ هەڕەشەیەکی ئاسایشی نەتەوەیی کە ڕێگە دەدات
هەموو ئامرازە سەربازییو هەواڵگرییەکان دژیان بەکاربێت.
گەمارۆی سێ قۆڵی.. میسر، ئوردنو لوبنان
بەفەرمانی سەرۆکایەتی ژمارە 14362، واشنتۆن بەفەرمی
لقەکانی ئیخوانی لەهەریەکە لەمیسر، ئوردنو لوبنان وەک (ڕێکخراوی تیرۆریستی نێودەوڵەتی)
ناساند، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاش ڕایگەیاند، پڕۆسەی دابڕینی تەواوەتی ئەو گروپە
لەسیستەمی بانکی جیهانیی دەستیپێکردوە بۆ ئەوەی هەموو سەرچاوە داراییەکانیان
وشکبکرێت.
تێد کروزو بزماری کۆتایی لەسێنات
لیژنەی دادی ئەنجومەنی پیران بەسەرۆکایەتی سیناتۆر
تێد کروز، دانیشتنێکی تایبەت ئەنجامدەدات بۆ جێگیرکردنی ئەم بڕیارانە وەک یاسایەکی
هەمیشەیی، ئامانجی ئەم یاسایە ئەوەیە کە هیچ ئیدارەیەکی داهاتوی ئەمریکا نەتوانێت
بەئاسانی ئەم سزایانە هەڵبوەشێنێتەوەو ئیخوان بۆ هەمیشە وەک ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو
بمێنێتەوە.
بهو بڕیارهش واشنتۆن پەیامێکی ڕونی نارد كه
سەردەمی "ئیخوانی سیاسیی" کۆتاییهاتو قۆناغی ڕاوکردنی تیرۆر دەستیپێکردوە،
شرۆڤهكارانى سیاسیش پێیانوایه، ئەم گۆڕانکارییە دەبێتە هۆی لەرینەوەی توند لەنەخشەی
سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو لاوازبونی ئەو وڵاتانەی تائێستا پشتیوانییان لەو گروپە
دەکرد.
