شارپرێس:
محەمەد ئەبو شەهاب نوێنەری ئیمارات لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە وێڕای ئیدانەکردنی ئەو هێرشانەی کە دەوروبەری وێستگەی ئەتۆمی بەراکەیان کردە ئامانج، ڕایگەیاند، هێرشەکەی سەر وێستگە ئەتۆمییەکەیان لەعێراقەوە بووەو مافی خۆشیانە وەڵام بدەنەوە.
ئەبو شەهاب لە دانیشتنی نائاسایی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی: بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکان هەنگاوێکی دژبەرانەیە .
ناوبراو هێرش بۆ سەر دەوروبەری وێستگەی ئەتۆمی بەراکەی بە "هەڵکشانی مەترسیدار" زانی و جەختی لەوە کردەوە کە وێستگەکە "بەهرەمەندە بە بەرزترین ئاستی سەلامەتی".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە مافی خۆمانە وەڵامی هەر مەترسییەک بدەینەوە بۆ سەر سەروەریمان، ئەو هێرشەی کە دەوروبەری وێستگەی ئەتۆمی بەراکەی کردە ئامانج لە خاکی عێراقەوە سەرچاوەی گرتووە".
نوێنەری ئیمارات لە کۆتاییدا وتی "پاراستنی دامەزراوە ئەتۆمییە نێودەوڵەتییەکان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی نێودەوڵەتییە".