وه‌زیرى به‌رگریى سوریا چى وت‌و هه‌ڵوێستى فه‌رمانده‌كانى ژنان چى بوو؟

کوردستان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 9751 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس ـ كه‌نداڵ جودى:

کۆبونەوەی ڕۆهلات عەفرین فەرماندەی گشتیی یەپەژەو ئەندامانی فەرماندەیی لەگەڵ وەزیری بەرگریی سوریا، وەک هەنگاوێکی گرنگ لەدۆسیەی تێکەڵاوبونی یەپەژەدا دەبینرێت، بەڵام ئایا لەو کۆبونەوەیەدا یەپەژە چی ویست‌و وەزیری بەرگریی چی ویست؟. دۆسیەی تێکەڵاوبونی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) بوەتە بەشێکی گەورە لەدانوستانەکانی نێوان هەسەده‌و حکومەتی دیمەشق.


دوای ڕێککەوتنی 29ی کانونی دوەم، تێکەڵاوبونی سەربازیی هەسەدە لەناو سوپای سوریادا بەرەو کۆتایی دەچێت، لەم چوارچێوەیەدا، لەهێزەکانی هەسەدە چوار لیوا لەناو فیرقەی 60ی سەر بەسوپای سوریا پێکهێنران، ئەو چوار لیوایەش لەم ناوچانە جێگیردەکرێن، (کۆبانێ، حەسەکە، قامیشلۆو دێرک).

چوار لیوا لەهەسەدە پێکهێنران
سەرەڕای پێکهێنانی ئەو چوار لیوایە، هێشتا زۆربەی شەڕڤانانی هەسەدە تێکەڵ به‌سوپا نەبونە، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە به‌گوێره‌ى سیستمی سوپای سوریا، ژمارەی سەربازانی هەر لیوایەک لەنێوان هەزارو 300 بۆ نزیکەی دوو هه‌زار شەڕڤاندایە، لەم چوارچێوەیەدا، گفتوگۆکان هێشتا بەردەوامن.

ئه‌ى یەپەژە؟
پرسی تێکەڵاوبون‌و بەشداربونی یەپەژە لەناو سوپای سوریادا، گەورەترین ڕێگرییە لەبەردەم دانوستانەکاندا، یەپەژە کە لەساڵی 2013دا دامەزراو بەشداریی لەشەڕی دژ بەتیرۆری داعشدا کرد، لەسەرتاسەری جیهاندا دەنگیدایەوە، لەم چوارچێوەیەدا، یەپەژە بوو بەهێزێکی سەربازیی ڕێکخراو (دیسپلینکراو) کە خاوەنی ئەکادیمیای سەربازیی خۆی بوو و لەتەواوی بەرەکانی شەڕدا جێگیردەبوو، بەڵام سوپای ئێستای سوریا کە لەسەر بنەمایەکی ئایینزایی (مەزهەبی) توند بونیادنراوە، ڕێگەنادات هێزەکانی یەپەژە تێکەڵ بەناو سوپاکە ببن.



فەرماندەیی یەپەژە سەردانی دیمەشقی کرد
لەم چوارچێوەیەدا، لەیه‌كی نیساندا ڕۆهلات عەفرین فەرماندەی گشتیی یەپەژەو سۆزدار حاجی ئەندامی فەرماندەیی یەپەژە، خالیسە عاید فەرماندەی کەتیبەی یەپەژە لەقامیشلۆو ڕوکەن محەمەد وتەبێژی یەپەژە سەردانی دیمەشقیان کردو لەگەڵ مورهەف ئەبو قەسرە وەزیری بەرگریی سوریا کۆبونەوە.

لەدیمەشق چی گفتوگۆیەک کرا؟
ڕۆهلات عەفرین فەرماندەی گشتیی یەپەژە بۆ شارپرێسی ئاشکراکرد، لەکۆبونەوەکەدا، وەزیری بەرگریی داوایکرد یەپەژە بچێتە ناو ڕیزەکانی ئاسایشەوە.

وتیشی، "بەڵام ئێمە ئەم داواکارییەمان ڕەتکردەوە، چونکە هێزی ئێمە تایبەتە بەپاراستنی کۆمەڵگەو ژنان، ئاسایشیش پێویستی بەژمارەیەکی دیكه‌ نییە".

ڕۆهلات عەفرین ڕاشیگەیاند، ئەوان دەیانەوێت بەشێوەیەکی فەرمیی ببنە بەشێک لەسوپای سوریاو نایانەوێت یەپەژە هەڵبوەشێنرێتەوە.



دوێنێ له‌ڕۆژئاواى كوردستان چالاكییه‌كى گه‌وره‌ به‌به‌شداریى سه‌رجه‌م چین‌و توێژه‌كان‌و شه‌ڕڤانانى یه‌په‌ژه‌ بۆ پشتیوانى ئه‌و هێزه‌ به‌ڕێوه‌چوو، کەنیم عەفرین وه‌كو شەڕڤانی یەپەژە قسه‌ى بۆ شارپرێس كردو وتى، "هەرچەندە دیدگای ئێستای پێکهاتەی سوپای سوریا دژی بونی ژنە، بەڵام دەبێت یەپەژە بەشێوەیەکی فەرمیی شوێنی خۆی لەناو سوپادا بگرێت، چونکە یەپەژە خاوەنی ئەزمونێکی گەورەی شەڕو پاراستنە".

لەلایەکی دیكه‌وه‌، لە26ى نیسانى ئه‌مساڵدا، پلاتفۆڕمی چالاکییە هاوبەشەکانی بزوتنەوەو ڕێکخراوەکانی ژنان لەڕۆژئاوای کوردستان، بۆ پشتگیریکردنی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)و بەشداربونی لەوەزارەتی بەرگریی سوریادا، کەمپینێکی دەستپێکرد، لەو چوارچێوەیەدا، چەندین خۆپیشاندان، سیمینارو چالاکیی جۆراوجۆر ئەنجامدران.

دۆسیەی تێکەڵاوبونی یەپەژە لەناو سوپای سوریادا، هێشتا یەکێکە لەبابەتە هەرە گرنگ‌و هەستیارەکان لەپرۆسەی دانوستانەکاندا، هەڵوێستی ڕۆهلات عەفرین‌و فەرماندەیی یەپەژە ئەوە نیشاندەدات، ئەوان دەیانەوێت بەناسنامەو ڕێکخستنی تایبەتی خۆیانەوە ببنە بەشێک لەپێکهاتەی سەربازیی سوریا، نەک لەناو دامەزراوە سەربازییەکانی دیكه‌دا بتوێنرێنەوە. 

به‌گوێره‌ى ئەنجامی دانوستانەکانی داهاتوو ئه‌وه‌ یه‌كلاده‌بێته‌وه‌ ئاخۆ یەپەژە چۆن‌و بە چ مەرجێک شوێنی خۆی لەسیستمی بەرگریی سوریادا دەگرێت‌و چارەنوسی هەزاران شەڕڤانی چۆن یەکلاده‌كاته‌وه‌.