شارپرێس:
وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق ستراتیژێکی نوێو نیشتمانی بۆ ڕێکخستنەوەی
کەرتی پەیوەندییەکان ڕادەگەیەنێت، وەزیری پەیوەندییەکانی عێراقیش دهڵێت،
"کار بۆ دامەزراندنی کۆمپانیایەکی تهواو نیشتمانی دەکهین بۆ بەڕێوەبردنی مۆڵەتی
چوارەمی مۆبایل، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ کۆتایهێنان بەکێشە یاساییو پەرلەمانییەکانی
پێشوو".
مستەفا سەند وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق بهئاژانسی هەواڵی عێراقی
وتوه، پلانی گەشەپێدانی وەزارەتەکەی لەماوەی سێ مانگی داهاتودا پێشکەشی ئەنجومەنی
وەزیران دەکرێت، کە تێیدا جەخت لەسەر سێ تەوەری سەرەکی دەکرێتەوە، مۆڵەتی چوارەم،
بەدیهێنانی سەروەریی دیجیتاڵیو گۆڕینی عێراق بۆ ناوەندێکی جیهانیی ترانزێتی هێڵەکانی
ئینتەرنێت.
مستەفا سەند بۆ ڕەواندنەوەی تەمومژی سەر پڕۆژەکە ڕونکردنەوەیدا کە بیرۆکەی
سەرەکی بریتییە لەدروستکردنی کۆمپانیایەکی حکومیی نیشتمانی بۆ ڕکابەریکردنی کۆمپانیاکانی
دیكهى هێڵهكانى پهیوهندیى کە هەندێکیان سەر بەوڵاتانی عەرەبین.
ئەو جەختیکردەوە، کۆمپانیای جیهانیی "فۆدافۆن" تەنها وەک
کارپێکەری تەکنیکی گرێبەستی لەگەڵ دەکرێتو هیچ پشک یان خاوەندارێتییەکی لەکۆمپانیا
نوێیەکەدا نابێت.
وەزیرهكهى عێراق دانی بەوەدا نا، ئێستا عێراق خاوەنی سەروەریی نیشتمانیی
تەواونییە بەسەر کەرتی پەیوەندییەکاندا، ئهو وتى، "بەهۆی تانە یاساییەکانی هەندێک
لەپەرلەمانتاران پڕۆژەکە ڕاوەستابوو، بەڵام لەئێستادا وەزارەت سەرقاڵی چارەسەرکردنی
ئەم کێشە ئاڵۆزەیە بۆ گەیشتن بەئەنجامێک کە بەرژەوەندیی باڵای دەوڵەت بپارێزێت".
سەبارەت بەکاریگەریی ئەم پڕۆژانە لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان، وەزیری
پەیوەندییەکان ڕایگەیاند، پڕۆژەکانی ئەوان زیاتر تەکنیکینو ڕەنگە بەچاو نەبینرێن،
بەڵام هاوڵاتیانو میدیاکان لەداهاتودا شوێنەوارو دەرەنجامەکانی لەباشتربونی خزمەتگوزارییەکاندا
دەبینن، ئەو بەڵێنی بەهاوڵاتیاندا، "تا ساڵی 2027، عێراق دەبێتە خاوەنی هێڵێکی
ئینتەرنێتی زۆر بەهێزترو دەروازەکانی ئینتەرنێت لەوڵاتدا بەتەواوی فراواندەکرێن".
