هەرێمی کوردستان ده‌بێته‌ چەقی ململانێکان.. لەسێ مانگدا 751 هێرش كراوه‌ته‌سه‌ر كوردستان

کوردستان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1097 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی ڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکاو ئیسرائیل دژى ئێران لە 28ی شوباتی 2026، هەرێمی کوردستان بوەتە یەکێک لەگۆڕەپانە سەرەکییەکانی باجدانی ئەم ململانێیە، به‌گوێره‌ى نوێترین ڕاپۆرتی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPT، لەماوەی تەنها سێ مانگدا، هەرێم ڕوبەڕوی شەپۆلێکی توندی هێرشە ئاسمانی‌و موشەکییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران‌و گروپە چەکدارییە هاوپەیوەندەکانی بوەتەوە، کە قوربانیی مەدەنی‌و زیانی مادی گەورەی لێکەوتوەتەوە.


ئامارە پڕ لەترسەکان؛ سێ مانگ لەژێر ئاگردا
ڕێکخراوی CPT ئاشکرایدەکات، لەماوەی نێوان 28ی شوبات تا 28ی ئایاری 2026، کۆی گشتیی 751 هێرش بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، ئەم هێرشانە بونەتە هۆی کوژرانی 22 کەس‌و برینداربونی 112 کەسی دیكه‌.

داتاکانی ڕاپۆرتەکە نیشانیدەدەن کە چڕی هێرشەکان لە 40 ڕۆژی یەکەمی شەڕەکەدا بوە، بەشێوەیەک کە 647 هێرش پێش ڕاگەیاندنی ئاگربەستی کاتیی 8ی نیسان ئەنجامدراون، لەڕوی سەربازییەوە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ (درۆن) چەکی سەرەکیی هێرشبەران بوەو 78.4%ی کۆی هێرشەکانی پێکهێناوە.

جوگرافیاو ئامانجی هێرشەکان.. هەولێر لەبەردەم زۆربەی لێدانەکاندایە
به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتەکە، دابەشبونی هێرشەکان لەڕوی جوگرافی‌و ئامانجەوە بەمشێوەیە بوو:
پارێزگای هەولێر: ئامانجی سەرەکی بوەو 78.3%ی سەرجەم هێرشەکانی بەرکەوتوە.
بنکەکانی ئەمریکا: 37.4%ی هێرشەکان دامەزراوە دیپلۆماسی‌و سەربازییەکانی ئەمریکایان لەهەرێم کردوەتە ئامانج.
ناوچە مەدەنییەکان‌و پێشمەرگە: 31.7%ی هێرشەکان بەر شوێنی نیشتەجێبونی مەدەنی، کۆمپانیاکان‌و بارەگاکانی وەزارەتی پێشمەرگە کەوتون.
حزبەکانی ڕۆژهەڵات: 30.9%ی هێرشەکانیش که‌مپی پەنابەران‌و بارەگای حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کردوەتە ئامانج.

یاساو به‌ركه‌وته‌ى هێرشەکەش بەسەر هێزەکانی ئێران 39.7%و گروپە چەکدارییەکانی هاوپەیمانی ئێرانیش لەناو عێراق 60.3% دابەشبون.



گۆڕانی ستراتیژیی ئێران دژی حزبەکانی ڕۆژهەڵات
ڕاپۆرتەکەی CPT سەرنجدەخاتەسەر قۆناغی دوای ئاگربەستی 8ی نیسان تا 28ی ئایار، کە تێیدا 104 هێرشی نوێ تۆمارکراون، لەم قۆناغەدا ئاراستەی هێرشەکان گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەخۆوە بینیوە بۆ نمونه‌:
هێرشكردنه‌سه‌ر حزبەکانی ڕۆژهەڵات: 82.7%ی هێرشەکانی کاتی ئاگربەست چڕبونەتەوە سەر که‌مپ‌و بارەگاکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
بەشداریی ڕاستەوخۆی ئێران: هێزەکانی ئێران خۆیان بونەتە ئەنجامدەری سەرەکی‌و بەرپرسیارن لە89%ی هێرشەکان.
قوربانیان: سەرجەم قوربانیانی ئەم قۆناغە کە پێنج کوژراوو 17 بریندارن، ئەندامی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بون.

ڕاسپاردەکان.. داوای قەرەبوو و پاراستنی سەروەریی دەکرێت
لەکۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، ڕێکخراوی CPT چەند ڕاسپاردەیەکی بەپەلەی ئاراستەی لایەنەکان کردوەو ده‌ڵێت، "گەیشتن بەڕێککەوتنێکی پابەندکەر بۆ پاراستنی خاکی هەرێم لەململانێکان، ڕاگرتنی پێشێلکارییەکانی ئێران‌و گروپە چەکدارییەکان‌و پاراستنی سەروەریی عێراق له‌گه‌ڵ قەرەبوکردنەوەی خێرای هاوڵاتیانی زیانلێکەوتوو به‌گوێره‌ى یاسای ژمارە 20ی ساڵی 2009و هەموارەکەی لەساڵی 2015".