شارپرێس:
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی یەكشەممە ڕایگەیاند، هێزەكانی ئیسرائیل "بە شێوەیەكی بەهێزتر لە جاران" گەڕانەوە بۆ بەرزاییەكانی شەقیف لە باشووری لوبنان، جەختی لەوە كردەوە كە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان لە هەموو بەرەكاندا بەردەوام دەبن.
ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەكرد، گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ دانیشتوانی باكوری ئیسرائیل كاتێكی زیاتری دەوێت، بەڵام ئەو كارە دەكرێت هەروەك چۆن بۆ دانیشتوانی باشور كرا.
ناتانیاهۆ ئاشكرای كرد كە سوپای ئیسرائیل تەنها لە ماوەی مانگی ڕابردوودا نزیكەی ٧٠٠ چەكداری حیزبوڵایان كوشتووە و كۆی ژمارەی ئەو ئەندامانەی حیزبوڵا كە لە سەرەتای شەڕەوە كوژراون گەیشتووەتە نزیكەی ٨ هەزار كەس.
ناوبراو لە درێژەی قسەكانیدا وتی: سوپای ئیسرائیلم ڕاسپاردووە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان لە لوبنان فراوان بكەن، هێزەكانمان ڕووباری لیتانییان بەزاندووە، دەستیان بەسەر ناوچە ستراتیژییەكان گرتووە و بەرزاییەكانی شەقیفیان كۆنترۆڵكردووە.