شارپرێس:
پاش تێپەڕبونی دوو ڕۆژ بەسەر ڕوداوەکەی ناوچەی دالاهۆ، سەرچاوە فەرمییەکان‌و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، وردەکاریی نوێ لەسەر چۆنییەتی هێرشەکەو چونە سەری هێزە ئەمنییەکان بۆسەر حەشارگەی دوو برا کوردەکە (موجتەبا وەیسی‌و مەیسەم وەیسی) ئاشکراکرد، هێزێكى كوردیش ڕایگه‌یاند، موجته‌باو مه‌یسه‌م ئه‌ندامى هێزه چه‌كداره‌كانى ئه‌وان بون.
بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە (28ی ئایاری 2026)، هێزەکانی سەر بەئیتڵاعاتی سوپای پاسداران هێرشیانكرده‌سه‌ر خانوو و کێڵگەیەک لەگوندی (قەڵاكه‌وشى)ى سه‌ر به‌شارۆچکەی داڵاهۆ.
لەسەر چۆنییەتی ڕوبەڕوبونەوەکە دوو گێڕانەوەی دژبەیەک هەن، یه‌كێكیان فەرمی دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانه، میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی وەک ئاژانسی فارس‌و ئینساف نیوز بڵاویانکردەوە، سه‌رچاوه ئه‌منیه‌كان پاش ناسینەوەی حەشارگەکە، سەرەتا لەڕێگەی بڵندگۆوە ئاگادارکردنەوەیان پێداون‌و مۆڵەتی تەواویان پێداون کە چەکەکانیان دابنێن‌و خۆیان بەدەستەوە بدەن، بەڵام به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتی حکومەت، ئەو دوو برایه ئاماده‌نه‌بون خۆیان ڕاده‌ستبكه‌ن‌و تەقەی ڕاستەوخۆیان لەهێزە ئەمنییەکان کردوە، هێزەکانیش لەچوارچێوەی بەرگریی لەخۆدا، تەقەیان کردوەتەوەو هەردوكیان کوژراون.
له‌باره‌ى ئه‌و ڕوداوه‌وه گێڕانەوەی سەرچاوە ناوخۆییەکان‌و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هه‌یه به‌تایبه‌ت ڕێکخراوەکانی وەک تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان‌و کوردپا دەڵێن، هێزە ئەمنییەکان لەکاتژمێر چواری بەرەبەیاندا خانوەکەیان گەمارۆداوەو بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە لەچەند لایەکەوە ڕاستەوخۆ دەستڕێژی گوللەیان لەشوێنی حەوانەوەی ئەو دوو برایە کردوە.
به‌گوێره‌ى وێنە بڵاوکراوەکانی ناو ماڵەکە لەلایەن بی‌بی‌سی فارسی، شوێنەواری توندوتیژیی‌و خوێنێکی زۆر لەناو ژورەکاندا هەیە کە نیشانیدەدات لەکاتی خەودا یان بەبێ ئامادەکاریی پێشوەختە کراونەتە ئامانج.
موجتەباو مەیسەم وەیسی هەردوکیان خێزانداربون‌و خاوەنی منداڵ بون، ئەوان وەک چالاکی فەرهەنگی‌و یەکێک لەدامەزرێنەرانی کتێبخانەی کوردی گەڕەکی دەرەدێژ لەکرماشان دەناسران، پاش خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ڕابردوو، بەهۆی مەترسی دەستبەسەرکردنیانەوە ناچاربون شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان بەجێبهێڵن‌و بەشێوازی شاراوە بژین، دوێنێ شەممە-ش تەرمی هەردوو براکە لەگۆڕستانی گوندی ئایینەوەند لەسەرپێڵی زەهاو بەئامادەبونی خەڵکێکی زۆر بەخاکسپێردران.
له‌لایه‌كى دیكه‌وه پارتی ئازادیی کوردستان (پاك) ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و نوسیویه‌تى، "ئه‌و برایه ئه‌ندامى تیمێكى یه‌كینه‌كانى داڵاهوی سوپای میللیی کوردستان بون‌و به‌هۆى ئه‌و هێرشه‌ى كراوه‌ته‌سه‌ریان، هه‌ردوكیان شه‌هید بون‌و هاوڕێیه‌كى دیكه‌یان تائێستا چاره‌نوسى نادیاره".
پارتى ئازادى جه‌ختیكردوه‌ته‌وه، "موجته‌باو مه‌یسه‌م ساڵێكى زۆربوو وه‌كو تێكۆشه‌رانى هه‌ره ناسراوی بواری کولتوریی له‌کرماشان‌و له‌دامه‌زرێنه‌رانى كتێبخانه‌ی دەرەدێژ بون، ماوه‌ى دوساڵیشه به‌فه‌رمى په‌یوه‌ندییان به‌ڕیزه‌كانی پارتی ئازادیی کوردستانه‌وه كردوه".