له‌باره‌ى په‌یوه‌ندیه‌كانى پارتى‌و یه‌كێتیى‌و پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت زانیارى ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2201 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێیس:

پارتی دیموکراتی کوردستان‌و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەڕێگەی وتەبێژو سەرکردەکانیانەوە، پەیامی ئەرێنی بۆ خاوکردنەوەی گرژییەکان‌و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی گفتوگۆکان دەگۆڕنەوە، هەردولا جەخت لەسەر ئامادەکارییەکان دەکەن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان‌و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.


مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌لێدوانێكى تایبه‌تدا بۆ شارپرێس ڕایگەیاند، "دوای دروستبونی پەیوەندییەکان لەگەڵ لایەنەکان، کات، شوێن‌و چۆنیەتی کۆبونەوەکان دیاریدەکرێن".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا قسەو هەنگاوەکان بەئاراستەی چارەسەرکردنی گرژییەکانی ڕابردون.

سەبارەت بەپەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتیی، وتەبێژی پارتی وتی، "هەوڵەکان بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەیە لەنێوان پارتی‌و یەکێتیداو پێویستە هەموو قسەو پەیامەکانیش بۆ ڕەواندنەوەی گرژییەکان‌و چارەسەری کێشەکان بێت".

لەلایەکی دیکەوە، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌په‌یامێكدا ڕایگەیاند، "پێشنیازەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت باشن‌و وەڵامە ئیدارییەکانی هەردولا ئەرێنین، هیوادارین ئەم دەستپێشخەرییانە بگەنە ئەنجام بۆ بەگەڕخستنی پەرلەمان‌و پێکهێنانی کابینەی دەیەم".

وه‌كو سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیرە ده‌ڵێت، "ئومێد دەکەین هەردولا دوای ئەم دەستپێشخەریی‌و وەڵامە ئەرێنییانە دابنیشین‌و گفتوگۆ لەسەر دەستبەکاربونی پەرلەمان‌و پێکهێنانی کابینەی نوێ بکەین".

ئەم لێدوانە ئەرێنییانەی هەردولا لەکاتێکدان، پارتی دیموکراتی کوردستان پێشتر لەزاری وتەبێژەکەیەوە ڕایگەیاندبوو، دوای کۆتاییهاتنی پشوەکانی جەژن، سەرۆکایەتی پەرلەمان لەڕوی یاساییەوە کارەکانی خۆی بۆ پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت ئەنجامدەدات.

ناکۆکییەکانی نێوان پارتى‌و یەکێتی‌، وا نزیکەی دوو ساڵە به‌رده‌وامه‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم‌و دانیشتنەکانی پەرلەمان‌و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی پەکخستوە، پرسی (یەک ئیدارەیی)و (دوو ئیدارەیی)ش کەوتوه‌تەسەر زاری زۆرکەس لەهەرێمى كوردستان‌و ته‌نانه‌ت پڕۆژه‌ى حزبیشى بۆ ئاماده‌كراوه‌.