كوردستان ، سەرهەڵدانی مرۆڤی رووت !!

توێژینەوە و شیکاریی

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6539 جار خوێندراوه‌ته‌وه

فوئاد سدیق
لە هەرێمێکی جوگرافیی بچووکدا کە بڕیار بوو ببێتە ناوەندی پاراستنی كەرامەت و شکۆی مرۆڤ، ئەمڕۆ بووەتە  فینۆمینۆلۆژیای هەرەسی بەهای مرۆڤایەتی. بابەتەكە تەنها بۆ سیاسەت یان ئابووری نییە، بەڵكو بۆ جەوهەری بوونی مرۆڤە وەك سەرمایەیەكی ڕەها. ئێستا ئەوەی ئێمە تێیدا دەژین، جۆرێکە لە سەراوژێربوونەوەی هەموو بەهاکان کە نیچە باسی دەکرد.

لێرەدا بەهاکان تەنها نەگۆڕاون، بەڵکو ژەهراوی کراون. کاتێک ئازادی و نان و دیموکراسی، کە سێکوچکەی پیرۆزی ژیانێکی شایستەن، دەبنە دروشم بۆ داپۆشینی دڕندەیی، ئێمە دەكەوینە بەر قەیرانێکی ئەنترۆپۆلۆژیی گەورە كە لەم هەرێمە مرۆڤ ئامانج نییە، تەنیا ئامرازێکی بێبایەخە، چونكە یاسای ئەخلاق بە تەواوی پێشێل کراوە. كاتێك دەبینی پێشمەرگەیەک کە هەموو تەمەنی خۆی بۆ ئازادی بەخشیوە، لە پەراوێزی ژیاندا بۆ لەتێ نان دەچەمێتەوە، لەولاش جاش و خائین لەسەر تەختی شكۆو دەسەڵات  قیت راوەستاون و پێدەكەنن، ئیتر  دەبێت چاوەڕوانی رووخانێكی گەورە بكەین. چونكە ئێستا كوردستان بووەتە کارگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی مرۆڤی رووت ، بۆ بەرهەمهێنانی مرۆڤی بێ ناونیشان، بۆ بەرهەمهێنانی دزی  زۆر قەبە .

ئەم ڕووتبوونەوەیە، ڕووتکردنەوەی جەستە نییە، بەڵکو داماڵینی مرۆڤە لە هەرچی جەوهەری ئەخلاقی و مێژوویی و شکۆی بونیادی هەیە. ئەو بەرهەمەی ئەم کارگەیە دەیخاتە بازاڕی ژیانەوە، بوونەوەرێکی سێبەرییە، جەللاد و دز و خوێنڕێژ لە یەک خاڵدا یەکدەگرنەوە: ئەویش خاڵی نەبوونی ویژدانە. ئەمە دروستکردنی گورگی مرۆڤە. سەیركەن ئەو بوونەوەرانە وا لەسەر جەستەی کەرامەتی براکانیان دەلەوەڕێن و بە پێکەنینێکی سادییەتەوە سەیری داڕووخانی بەهاکان دەکەن.

لێرەدا شەڕ، شەڕی تفەنگ و درۆن نییە، بەڵکو جەنگی داماڵینی مرۆڤە لە ماناکانی. کاتێک برسی کردن دەبێتە ستراتیژییەت و سوکایەتی دەبێتە زمان، ئەقڵی مۆدێرن تووشی شۆکێکی ئیفلیجکەر دەبێت. ئەم شۆکە، ئاکامی ئەو دژایەتییە بونیادییەیە کە لە نێوان چاوەڕوانیی دادپەروەری و واقیعی دڕندەییدا هەیە. نیشتمان، کە دەبوو مەکۆی دڵنیایی بێت، گۆڕاوە بۆ تەڵەیەکی گەورە کە بکوژەکان لە تەختی نازدا و قوربانییەکانیش لەناو لیتەی هەژاریدا دەتلێنەوە. ئەمە نامۆبوونێکی مارکسیستی یان سارتەری سادە نییە، بەڵکو دوورخستنەوەیەکی ئۆنتۆلۆژییە؛ واتە مرۆڤ لەناو ماڵی خۆیدا دەبێتە تارماییەک کە زمانی دەسەڵات تێناگات، چونکە ئەو زمانە زمانی لۆگۆس (ئەقڵ) نییە، بەڵکو زمانی فۆنۆس(دەنگی دڕندەیی و ڕاوڕووتە).

ئێمە لەبەردەم سیستەمێکی نا ئەقڵانیداین. هەوڵدان بۆ تێگەیشتنی ئەم دۆخە بە کەرەستەی زانستی، وەک ئەوە وایە لەناو کونێكی زۆر تاریكدا بەدوای رووناكیدا بگەڕێی!. کاتێک سنووری نێوان پێشمەرگەو جاش دەسڕێتەوە، مێژوو دەبێتە تاقیگەیەکی گەورە بۆ تاقیکردنەوەی بەرگەی مرۆڤ لەبەردەم بێ ماناییدا. ئێستا کەرامەت وەک بووکەڵەیەکی چەماوە لە دەستی دڕندەکاندا یاری پێ دەکرێت. دڕندەکان لێرەدا ئەو نەفسە نزمە بێ ‌کۆتاییەن تەنها غەریزەی حەپەلووشکردنیان ماوە. لە جیهانبینی ئەواندا، دەستپاکی جۆرێکە لە گێلایەتی و ئەخلاق بارێکی قورسە کە دەبێت فڕێ بدرێت بۆ ئەوەی خێراتر بەرەو لوتکەی گەندەڵی هەڵبخلیسكێن.لەو كاتەدا كە جاشایەتی دەبێتە کولتوور و دزی دەبێتە سیستەم، مرۆڤی دەستپاک تووشی ئیفلیجیی ئیرادە دەبێت، چونکە دەبینێت تەرازووی گەردوون لای ئێمە سەرەوبن بووە.

ئێستا ئێمە لە وڵاتێکی خۆڵباریندا دەژین کە ڕاستی لەژێر تەپوتۆزی درۆدا خنکێنراوە. ئەگەر شۆڕشێکی فیکریی قووڵ نەبێت بۆ گەڕاندنەوەی کەرامەت بۆ ناوەندی بوون، ئەوا ئەم هەرێمە تەنها وەک مۆزەخانەیەکی گەورەی مرۆڤە ڕووتەکان دەمێنێتەوە، کە گەلەگورگەکان بەسەر داروپەردووی شکۆی نەتەوەیەکدا پێکەنینی قێزەونی خۆیان نمایش دەكەن.