شارپرێس ـ تایبهت:
فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراقی (IFIR) هۆشدارییەکی خێراو بەپەلە ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات، دوای ئەوەی زانیاریی پێگەیشتوە کە هەشت كۆچبهری عێراقی لەفڕۆکەخانەی هانۆڤەری ئەڵمانیا دەستبەسەرکراونو بڕیارە ڕۆژی سێشەممە، 2ی حوزەیرانی داهاتوو، بە زۆرەملێ دیپۆرتی عێراق بکرێنەوە.
عێراق؛ خاکی هەڕەشەو ناسەقامگیریی
فیدراسیۆن لەڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا جەختدەکاتەوە، عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە، وڵاتێکی ئارام نییە بۆ گەڕاندنەوەی زۆرەملێ، دەستبەسەرکراوەکان ساڵانێکی زۆرە لەئەڵمانیا دەژینو تێکەڵی کۆمەڵگە بونو زۆربەیان لەترسی هەڕەشەی میلیشیا چەکدارەکان، گەندەڵی، پارچەپارچەبونی سیاسییو سەرکوتکردنی ئازادیی ڕادەربڕین ڕایانکردوە.
فیدراسیۆن هۆشداریدەدات، گەڕاندنەوەیان بەزۆرەملێ، دەیانخاتە بەردەم مەترسییەکی دەستبەجێو قبوڵنەکراو، بەتایبەت کە ژنانو ڕەخنەگرانی دەسەڵات بەبەردەوامی ڕوبەڕوی پێشێلکارییو تۆقاندن دەبنەوە.
داواکارییە چوار خاڵییەکەی فیدراسیۆن بۆ بەرلین
ڕێکخراوەکە بەفەرمی داوا لەحکومەتی ئەڵمانیا دەکات، ڕاگرتنی دەستبەجێی هەموو پلانەکانی دیپۆرتکردنەوە بۆ عێراق، دوبارە هەڵسەنگاندنەوەی داواکاریی پەنابەریی ئەو هەشت کەسە دەستبەسەرکراوە، دابینکردنی مافی پارێزەرو ڕێگەدان بەپێشکەشکردنی بەڵگەی نوێ لەکەیسەکانیاندا لهگهڵ ڕاگرتنو هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەی نێوان بەغداو بەرلین کە ڕێگە بەگەڕاندنەوەی زۆرەملێی پەنابەران دەدات.
ژیانی مرۆڤ نابێت ببێتە کارتی فشار
لهوبارهیهوه دەشتی جەمال سکرتێری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ شارپرێس ڕایگەیاند، "عێراق وڵاتێکی ئارام نییە، چەکداران هەڕەشە لەخەڵک دەکەنو بارودۆخی سیاسییو ئەمنی زۆر نائارامە".
ناوبراو داوای لەحکومەتی ئەڵمانیا کرد دەستبەجێ ئەم پرۆسەیە ڕابگرێتو جەختیکردەوە، "ژیانی مرۆڤ نابێت ببێتە ئامرازێکی سیاسیی".
کاردانەوەی خێراو مانۆڕی دیپلۆماسی
بۆ ڕێگریکردن لەم بڕیارە، فیدراسیۆن دەستبەجێ زنجیرەیەک نامەی فەرمیو ناڕەزایەتی ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەو وەزارەتی کۆچی ئەڵمانیا، گرتوخانەی نزیک فڕۆکەخانەی هامبۆرگو کۆنسوڵخانەی ئەڵمانیا لەهەولێر کردوە، هاوکات ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک "ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، هیومەن ڕایتس وۆچ"و سەندیکا کرێکارییەکانی لەم کێشە کتوپڕە ئاگادارکردوەتەوە بۆ ئەوەی فشاربخەنەسەر بەرلین تا پێداچونەوە بەکەیسەکاندا بکات.
