شارپرێس:
كهشى گەرمی وەرزی هاوین هەمیشە دەبێته هۆی تێکچونی جۆریی نوستنو دروستبونی دڵەڕاوکێ لەشەواندا، لەو ڕوهوه د. دێبۆرا لی شارەزای بواری نوستن لەدامەزراوەی (Doctor Fox)، زنجیرەیەک ڕێنمایی سادە، بەڵام کاریگەری خستوەتەڕوو کە دەبنە هۆی دابەزاندنی پلەی گەرمی جەستەو بەدەستهێنانی خەوێکی قووڵ.
د. دێبۆرا پێشنیازدەکات کە پێش خەوتن گۆرەویەکی لۆکە (قوماش) کەمێک بەئاو تەڕبکرێتو دوای گوشینی، لەپێبکرێت، هەرچەندە بیرۆکەکە بەلای زۆرکەسەوە نامۆیە، بەڵام ئەوکارە لەڕێگەی پرۆسەی ساردکردنەوە بەهەڵمبون دەبێتە هۆی دابەزاندنی پلەی گەرمی ناوەوەی جەستە، چونکە پێیەکان ڕۆڵێكى سەرەکی لەڕێکخستنی گەرمی گشتیی لەشدا دەگێڕن.
یەکێکی دیكه لەڕێگه داهێنەرەکان، بەکارهێنانی کەرەستەی زەرفی گەرمی (کیسی لاستیکی ئاو)ە، پسپۆڕەکە دەڵێت، "دەکرێت ئەم کیسە پڕبکرێت لەئاوی ساردو بۆ ماوەی 15 خولەک بخرێتە ناو بەفرگر (فرێزەر)ەوە پێش نوستن، پاشان دابنرێت بۆ فێنککردنەوەی جێگاکەو بەخشینی هەستی ئارامی".
دکتۆرە لی هۆشداریدەدات، لەخۆشوشتن بەئاوی زۆر سارد ڕاستەوخۆ پێش نوستن، چونکە جەستە ناچاردەکات وزەیەکی زیاتر بەکاربهێنێت بۆ گەڕاندنەوەی گەرمی سروشتی خۆی، لەبری ئەوە ئامۆژگاری دەکات کە کاتژمێرو نیوێک پێشخەوتن ئاوی شلەتێن (فەتەر) بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی جەستە بەشێوەیەکی پلەبەپلە فێنک بێتەوە.
پشتبەستن بەتەکنیکە کۆنەکان کێشەی تێچوی کارەبای بەرز چارەسەردەکات؛ دكتۆرهكه ئاماژە بەشێوازی میسری کۆن دەکات کە تێیدا خاولییەکی گەورە بەئاوی سارد تەڕدەکرێتو لەنزیک پەنجەرە یان دەرگای ژورەکە هەڵدەواسرێت، تێپەڕبونی هەوای گەرم بەناو خاولییە تەڕەکەدا، هەوای ژورەکە هاوشێوەی ئامێری سپلیت فێنک دەکاتەوە.
ئەم ڕێکارە ئاسانانە، ئەگەرچی گۆڕانکاری گەورە لەپلەی گەرمی ژوردا ناکەن، بەڵام کوالێتی خەو بەشێوەیەکی بەرچاو باشتر دەکەن.
