سەرۆکی ڤێتنام سێ قەیرانی گەورەی جیهان ئاشکرادەکات‌و هۆشداریدەداتە دەوڵەتە بچوکەکان

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2565 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تۆ لام سەرۆک‌و ڕێبەری باڵای ڤێتنام لەوتاری کردنەوەی کۆڕبەندی (دیالۆگى شانگریلا) گرنگترین کۆنفرانسی ئەمنی لەسه‌ر ئاستى ئاسیا لەسەنگاپورە ڕایگەیاند، جیهان لەئێستادا ڕوبەڕوی مەترسیی فرەچەشن‌و دۆخێکی توندی نادڵنیایی بوەتەوە، داواشی لەوڵاتان کرد، ڕاستەوخۆ بەرەنگاری ئەو هه‌ڕه‌شانه‌ ببنەوە.


سەرۆکی ڤێتنام لەوتاره‌كه‌یدا ئاماژەی بەوەکرد، جیهان لەژێر سایەی سێ قەیرانی بنەڕەتیدا دەتلێتەوە، کە ئەوانیش بریتین لەسڕینەوەو لاوازبونی بنەماو یاساکانی ڕێکخستنی په‌یوەندییە نێودەوڵەتییەکان، پاشەکشەی گەشەی ئابوری جیهانیی‌و توندبونی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، قوڵبونەوەی قەیرانی بێ متمانەیی لەنێوان دەوڵەت‌و زلهێزەکاندا.

هۆشداریشیدا، ململانێ جیۆپۆلەتیکییەکان وایکردوە دەوڵەتە بچوک‌و مامناوەندەکان بکەونە ژێر فشارێکی توندەوە بۆ ئەوەی ناچاربکرێن لایەنگریی جەمسەرێکی دیاریکراو بکەن.

کۆڕبەندەکە بەئامادەبونی پیت هیگسێس وەزیری بەرگریی ئەمریکاو هاوتاکانی لەبەریتانیا، فەرەنسا، ژاپۆن‌و ئوسترالیا بەڕێوەدەچێت؛ بەڵام ئەوەی سەرنجی میدیاکانی ڕاکێشا، ئاماده‌نه‌بونى دۆنگ جون وەزیری بەرگریی چین بوو بۆ ساڵی دوەم لەسەریەک، کە لەلایەن وەزیری بەرگریی ئوسترالیاوە وەک دەرفەتێکی بەفیڕۆچوو بۆ دیالۆگ لەقەڵەمدرا.

لەلایەکی دیكه‌وه‌، وەزیری بەرگریی ئەمریکا چالاکییەکانی لەسەنگاپورە دەستپێکردوەو بڕیارە لەگەڵ سەرۆکی ڤێتنام کۆببێتەوە بۆ تاووتوێکردنی پرسی ئاسایشی دەریایی لەدەریای چینی باشور، ئەمەش هاوكاته‌ لەگەڵ ستراتیژی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ هاندانى هاوپەیمانە ئاسیاییەکان بۆ زیادکردنی خەرجییە بەرگرییەکانیان‌و ڕوبەڕوبونەوەی نفوزی چین، بەتایبەت لەدۆسیەی هەستیاری تایواندا.