جەی دی ڤانس: پێشکەوتنی گەورە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران بەدیهاتووە

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 188 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

 

شارپرێس:
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی هێشتا نەگەیشتۆتە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران، بەڵام هەردوولا لە سەروبەندی گەیشتن بە ڕێککەوتندان.

 ڤانس ئاماژەی بەوەکردووە کە قورسە دیاری بکرێت کەی یان ئایا سەرۆک دۆناڵد ترەمپ ڕێککەوتنی چوارچێوەیی لەگەڵ تاران واژۆ دەکات یان نا، بەڵام جەختی کردەوە ئەمریکا لە دۆخێکدایە کە دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو ڕێگریی لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بکات.

 بە وتەی ئەو، خاڵەکانی ناکۆکیی بریتیین لە پاشەکەوتی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران بە ڕێژەی بەرز و پرسی خودی پیتاندن.

 دانوستانکاران هەوڵدەدەن مەرجە گشتییەکان لە ڕێککەوتنە کاتییەکەدا جێگیر بکەن و وردەکارییەکان بۆ گفتوگۆکانی دواتر جێبهێڵن، ئەمەش بۆ تێکشکاندن یان دواخستنی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان لەسەر مەودای دوور.

لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ بە کەناڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاندووە کە ئەو لەگەڵ گەیشتن بە ڕێککەوتندایە، بەڵام هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن.

لەم چوارچێوەیەدا، سکۆت بێسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا جەختی کردەوە کە واشنتۆن پابەندە بە هێڵە سوورەکانەوە کە گرنگترینیان ڕێگریکردنە لە دەستراگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی و دڵنیابوونەوە لە کراوەیی گەرووی هورمز. 

هەروەک، چوار سەرچاوەی ئاگادار ئاشکرایان کردووە کە ڕێککەوتنەکە ئاگربەستی نێوان هەردوولا بۆ ماوەی 60 ڕۆژ درێژ دەکاتەوە و ڕێگە بە گەڕانەوەی کەشتیوانیی لەگەرووی هورمز دەدات، لە کاتێکدا گفتوگۆ لەسەر بابەتە ئاڵۆزەکان دەکرێت. 

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی