لەئێران جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاددەکات

کوردستان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 118 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
بەپێی بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ئەمساڵەوە سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای سێدارە دژ بە چالاکانی سیاسی و مەزهەبی لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.

ڕێکخراوەکە، بە پشت بەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان دەڵێت،  لە ماوەی کەمتر لە پێنج مانگی ڕابردوودا، سزای سێدارەی لانی کەم ٤٣ بەندکراوی سیاسی و مەزهەبی لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. هاوکات و هەر لەو ماوەیەدا، بۆ ٤٢ کەسی دیکەش لە چالاکانی سیاسی و مەزهەبی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە.

دەشڵێت، هەڵکشانی ئاماری جێبەجێکردنی سزای سێدارە دژی چالاکانی سیاسی و مەزهەبی لە لەکاتێکدایە کە لە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوودا (پێنج مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی ١٨ بەندکراوی سیاسی و مەزهەبی جێبەجێ کرابوو. ئەم گۆڕانکارییانە نیشاندەری گەشەی ١٣٩٪ی جێبەجێکردنی ئەم سزایانەن بە بەراورد بەو ماوەی ساڵی ڕابردوو.

 هەروەها کۆی ئاماری جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەندکراوانی سیاسی و ئایینی لە هەموو ساڵی ٢٠٢٥دا، یەکسان بووە بە ٤٣ حاڵەت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو داواکاری دەستێوەردانی بەپەلە و کاریگەری کۆمەڵگە نێودەوڵەتییەکان و ناوەندە چاودێرەکانی سەر مافی مرۆڤە بۆ ڕاگرتنی ئەم لەسێدارەدانانە و هەڵوەشاندنەوەی سزا نامرۆڤانەی سێدارە لە ئێراندا دەکات.