شارپرێس:
دۆناڵد ترهمپ سەرۆکی ئەمریکا، لەهەوڵەکانیدا بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگ دژی ئێران، ڕوبەڕوی گوشارێکی سیاسیی قورس بوهتەوە، بەوپێیەی لەلایەکەوە لەژێر گوشاری ناوخۆیی تونددایە بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزینو دوبارەکردنەوەی گەروی هورمز، لەلایەکی دیكهشهوه دەترسێت لەکاردانەوەی توندی "هەڵۆکان"ی پارتی کۆماری، ئەگەربێتو هەر سازشێک بۆ تاران بکات.
ئەم پێشهاتانە دوای هەفتەیەک لەهەوڵە دیپلۆماسییە چڕەکان دێن، کە تێیدا سەرچاوە ئاگادارەکان هێڵە گشتییەکانی "ڕێککەوتنێکی سەرەتایی کاتی"یان ئاشکراکردوە؛ بهگوێرهى ڕێککەوتنەکە، ئاگربەستی ئێستا درێژدەکرێتەوەو کۆنترۆڵی ئێران بەسەر گەروی هورمزی گرنگ بۆ بازاڕی نەوت کەمدەکرێتەوە، لەبەرامبەردا دانوستانە ئاڵۆزەکان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی تاران دوادەخرێن.
ئەم ڕێککەوتنە کاتییە، ئەگەر لەلایەن ترهمپو دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە پەسندبکرێت، دەبێتە گرنگترین هەنگاو بەرەو ئاشتیی لەوکاتەوەی ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیلدا چوهتە جەنگ دژی ئێران، هەروەها دەکرێت گرانیی نرخی وزە کە بەهۆی ململانێکانەوە دروست بوە، سوک بکات.
بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاندوە، دانوستانکاران گەیشتونەتە لێکتێگەیشتنێکی 60 ڕۆژە بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستو دەستپێکردنی گفتوگۆی ئەتۆمی، بەڵام ترهمپ هێشتا ڕەزامەندیی کۆتایی نەداوە.
ئەم هەنگاوە ڕەنگە توندڕەوەکانی نێو پارتی کۆماری توڕەبکات کە دەیانەوێت بەبەردەوامبونی هێرشەکان، ڕێگریی لەئێران بکەن بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیی.
هاوپەیمانە توندڕهوەکانی ترهمپ ڕەخنەیان لەم ئەگەرە گرتوەو دەڵێن، ئەم ڕێککەوتنە لەئاستی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015ی ئۆبامادا تێپەڕناکات، کە ترهمپ خۆی لەخولی یەکەمیدا لێی کشایەوە.
سیناتۆرە دیارەکانی وەک لیندسی گراهامو تێد کروز، داوایان لێکردوە سازشنەکات، بەڵام ترهمپ پێداگریی دەکات کە پەلەی نییەو تەنها ڕێککەوتنێکی "مەزن" قبوڵدەکات.
شارەزایان پێیانوایە، ترهمپ دەیەوێت هاوسەنگییەک لەنێوان ناچارکردنی ئێران بۆ سازشو پێشکەشکردنی سازشی سنورداردا دروستبکات، تاوەکو ئەنجامەکە وەک سەرکەوتنێک نیشانبدات.
دوبارە کردنەوەی گەروی هورمز پێشوازیی نێودەوڵەتیی لێدەکرێت، بەڵام تەنها گەڕاندنەوەی ئەو دۆخەیە کە پێش جەنگەکە هەبوو، لەم نێوەندەدا، کات لەبەرژەوەندیی ترەمپدا نییە، چونکە ڕێژەی جەماوەریی دابەزیوەو هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس لەمانگی نۆڤەمبەردا بەڕێوەدەچێت، کۆمارییەکانیش دەترسن گرانیی بەنزین زیان بەدەنگەکانیان بگەیەنێت.
لێکۆڵەران دەڵێن، نیشاندانی ئارەزوی ترهمپ بۆ کۆتاییهێنانی خێرا بەم قەیرانە، وایکردوە ئێرانییەکان زیاتر دەست بەمەرجەکانی خۆیانەوە بگرن.
لەکۆتاییدا، شێوازی کۆتاییهێنان بەم ململانێیە دەبێتە فاکتەرێکی سەرەکی لەدیاریکردنی میراتی سیاسەتی دەرەوەی ترهمپ لەخولی دوەمیدا.
