لەگوندەواری حەلەب خۆپیشاندان دژی هێزەکانی تورکیا دەکرێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 188 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

شارپرێس:
 خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی دانیشتووانی ناوچەی جەبەل عەقيل لە گوندواری شاری باب لە باکووری حەلەب، بۆ 7ەمین هەفتەی لەسەریەک دژ بە بوونی هێزەکانی تورکیا بەردەوامە.

 بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکان، بەشداربووان لە گردبوونەوەیەکی نوێدا، پێداگرییان لەسەر وەرگرتنەوەی زەوی و مڵکەکانیان و چۆڵکردنی ئەو ناوچانە کردووە کە لەلایەن سوپای تورکیاوە کراونەتە بنکەی سەربازی.

لە کۆبوونەوەکەدا، خۆپێشاندەران بە بەرزکردنەوەی لافیتە و وتنەوەی دروشم، داوایان لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا کردووە هێزەکانی لە ناوچەکە بکشێنێتەوە، هەروەها داوای قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەیان کردووە کە بەهۆی ڕووخاندنی خانووەکانیانەوە لێیان کەوتووە.

لای خۆیانەوە، ڕێکخەرانی چالاکییەکان ڕایانگەیاند کە لەسەر بزاوتە ئاشتیخواز و میدیاییەکانیان بەردەوام دەبن تا گەیشتن بە مافەکانیان.

 هاوکات لایەنە ئیدارییەکانی ناوچەکەیان بە بەرپرسیاری سەرەکیی تێکچوونی دۆخی مرۆیی و بژێوی سەدان خێزانی ئاوارە دانا کە ساڵانێکە ڕێگەیان پێنەدراوە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.