ڕاپۆرتێکی نوێی پشکنەری گشتیی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ئاماژە بەوە دەکات کە پاش گۆڕانکارییە سەربازییە خێراکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە زستانی ٢٠٢٦، هاوکاریی دە ساڵەی واشنگتن لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بە شێوەیەکی فەرمی کۆتایی پێهاتووە و ئەمریکا لە چوارچێوەی ستراتیژییەکی نوێدا، پشتیوانی لە دەوڵەتی دیمەشق جێگای هاوکاری لەگەڵ هێزە کوردییەکان گرتووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، هێرش و پێشڕەوی خێرای هێزەکانی دەوڵەتی سوریا لە مانگی کانونی دووەمی ٢٠٢٦ وای کرد زۆربەی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دەستی هەسەدە دەربچن. بەم شێوەیە، بۆ یەکەم جار لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵدا، دەسەڵاتی دیمەشق دووبارە بەسەر ئەو ناوچانەدا گەڕایەوە.
ڕاپۆرتی پشکنەرە گشتییەکە ئاماژە دەدات کە ئەم گۆڕانکارییە بە مانای کۆتایی هاتنی هاوبەشیی ستراتیژیی ئەمریکا و هەسەدە بوو؛ ئەو هاوبەشییەی کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە یەکێک لە گرنگترین ستوونەکانی شەڕی دژی داعش لە سوریا پێکدەهێنا.
هەڵهاتنی ئەندامانی داعش و قەیرانی ئەمنی
بەپێی ڕاپۆرتەکە، پاش کشانەوەی هەسەدە لە ژمارەیەک ناوچە، بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان کە بەرپرسیارێتی پاراستنی زیندانەکانی داعشیان لە ئەستۆ بوو، بۆ هێڵەکانی بەرەی شەڕ گواسترانەوە. ئەم بارودۆخەش هۆکاری هەڵهاتنی لانیکەم ١٥٠ ئەندامی داعش لە زیندانی شەدادی بوو.
لە هەمان کاتدا، لە کەمپی هۆل، دەرچوونی لەناکاوی هێزەکانی هەسەدە بۆشاییەکی گەورەی ئەمنی دروست کرد. ڕاپۆرتەکە دەڵێت نزیکەی ٢٠ هەزار کەس لە دانیشتووانی کەمپەکە، لەنێویاندا ئەندامان و خێزانی پەیوەست بە داعش، بەبێ چاودێریی کاریگەر لە کەمپەکە دەرچوون؛ ڕووداوێک کە بەرپرسانی ئەمریکی بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە ناویدەبەن.
گواستنەوەی هەزاران زیندانی داعش بۆ عێراق
لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگرتن لە قووڵبوونەوەی قەیرانەکە، واشنگتن ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی بۆ گواستنەوەی زیندانییەکانی داعش لە سوریا بۆ عێراق دەستپێکرد. بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە ماوەی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا ٥٧٠٤ زیندانی داعش لە زیندانەکانی ژێر بەڕێوەبردنی پێشووی هەسەدە گواسترانەوە بۆ عێراق.
ڕۆڵی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی دیمەشق و قسد
ڕاپۆرتەکە هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە دوای جێگیربوونی کۆنترۆڵی دەوڵەتی سوریا بەسەر ناوچە کوردنشینەکاندا، ئەمریکا ڕۆڵێکی چالاکی لە ناوبژیوانی نێوان دیمەشق و هەسەدە بینیوە. ئەم هەوڵانە سەرانجام بە ڕێککەوتنی ٢٩ی کانونی دووەم گەیشت، کە بە پێی ڕێکەوتنەکە هێزەکانی سوریای دیموکرات و دامەزراوەکانی سەر بە ئیدارە خۆبەڕێوەبەرییەکان، بە شێوەیەکی پێشکەوتوو لە ناو پێکهاتەکانی دەوڵەتی ناوەندی دادەمەزرێن.
لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنەدا، هێزە حکومییەکانی سوریا چوونە ناو شارەکانی حەسەکە و قامشلو، لە کاتێکدا هەسەدە ڕازی بوو کۆنترۆڵی سنوورەکان و دامەزراوە ئیدارییەکان بداتە دەستی دیمەشق.
بەرامبەر، چوار لیوای سەربازیی کورد ڕێگەیان پێدرا لە چالاکییەکانیان لە ناوچە کوردنشینەکان بەردەوام بن و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی هەسەدەش پۆست و ڕۆڵی ئیدارییان لە دەسەڵاتی خۆجێیی وەرگرت.
کۆتایی خۆبەڕێوەبەری و پرسیارە هەڵپەسێردراوەکان
بەڵگەنامەکە دەڵێت لە دیدی واشنگتۆنەوە، ڕێککەوتنی تێکەڵکردنەوەی هێزەکان بۆ هەسەدە بە مانای وازهێنان لە پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەری بوو. بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەمریکا بڕیاری گواستنەوەی هاوکارییەکانی خۆی لە هەسەدەوە بۆ دەوڵەتی نوێی سوریا دابوو، سەرکردایەتیی کورد هەڵبژاردەیەکی تر لەبەردەمدا نەبوو. لە هەمان کاتدا، دیمەشق هەندێک بەڵێنی داوە بۆ بەدەستهێنانی متمانەی کۆمەڵگەی کورد، لەوانە پێدانی مافی هاووڵاتیی بە کورد، پاراستنی زمان و کولتووری کوردی، و بەفەرمی ناساندنی فێرکردنی زمانی کوردی لە ناوچە کوردنشینەکان.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەدات کە هێشتا ژمارەیەک بابەتی هەستیار و چارەسەرنەکراو ماونەتەوە، لەوانە داهاتووی یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG)، شێوازی تەواوی تێکەڵکردنی هەسەدە لە ناو سوپای سوریا، و سنووری دەسەڵاتەکانی ناوچە کوردنشینەکان.
لە کۆتاییدا، هەڵسەنگاندنەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەدەن کە دەوڵەتی سوریا لە بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی هێزە تازە تێکەڵکراوەکانی هەسەدە، ڕووبەڕووی چەندین کێشەی فەرماندەیی و ڕێکخستنەوە دەبێتەوە؛ ئەمەش دەتوانێت کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر شەڕی دژی داعش لە قۆناغی داهاتوودا هەبێت.
