شارۆچكه‌یه‌كى سوریا وه‌كو میرنشینێكى سه‌ربه‌خۆى ئیسلامیى خۆى ڕاگه‌یاندو میرێكیشى دیاریكرد

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2926 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شۆک‌و ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان شەقامی سوریی گرتوەتەوە دوای ئەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی شێخێکی ناوخۆیی بەناوی (ئەبو خالید) بڵاوبوەوە کە تێیدا خۆی وەک (میر)ی شارۆچکەی عەربین لەغوتەی ڕۆژهەڵاتی دیمەشق دەستنیشاندەکات، ئەم ڕوداوە لەکاتێکدایە کە وڵاتەکە لەقۆناغی گواستنەوەی سیاسیی زۆر هەستیاردایە دوای ڕوخانی ڕژێمی پێشوو.


بنچینەی کێشەکە؛ ئەبو خالید چی دەوێت؟
ئەو شێخە ناوخۆییە لەگرتە ڤیدیۆییەکەدا ڕایگەیاندوە، شارۆچکەی عەربین بوەتە "میرنشینێکی سەربەخۆ"و لەڕوی کارگێڕییەوە لەدیمەشقی پایتەخت جیادەبێتەوە، بەوتەی ئەو، "لەمەودوا ئەولەویەتی ڕەها بۆ جێبەجێکردنی شەریعەتی ئیسلامییە نەک یاساو دەستوری نوێی وڵات"، ئەم لێدوانانە ڕاستەوخۆ ترسی لای هاوڵاتیان دروستکردوە کە وڵاته‌كه‌یان بەرەو مۆدێلی دەسەڵاتی توندڕەوی هاوشێوەی قۆناغەکانی پێشوو بڕوات.



پێگەی یاسایی‌و کاردانەوەکان
کاردانەوەکانی شەقامی سوریی‌و چالاکوانان بەسەر دوو بەرەدا دابەشبون، لەکاتێکدا کە دامەزراوە فەرمییەکان هێشتا بێدەنگییان هەڵبژاردوە، زۆرینەی چالاکوانانی مەدەنی‌و یاسایی سوریا ئەم هەنگاوەیان بەگاڵته‌جاڕیى‌و دەرچون لەیاسا ناوبردوەو جەختیانکردوەتەوە، نابێت هیچ کەس‌و گروپێک لەسەروی یاساوەبن.

ڕاپۆرتە یاساییەکانیش ئاماژە بەوەدەکەن، سوریا لەئێستادا به‌گوێره‌ى ڕاگەیاندنی دەستوریی قۆناغی ڕاگواستن بەڕێوەدەچێت کە لەلایەن ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریاوه‌ واژۆکراوە، ئەم دەستورە بەڕونی جەخت لەسەر یەکپارچەیی خاکی سوریاو سەروەری یاسا دەکاتەوە.

بۆ ڕێگریکردن لەمجۆرە سەرپێچیانە، وەزارەتی ئەوقاف میساقێکی تایبەت بەوتاری ئیسلامی میانڕه‌و دەرکردوە کە پێویستە سەرجەم وتاربێژان پابەندی بن بۆ دورکەوتنەوە لەفەوزاو توندڕەویی.

ئایا سوریا بەرەو دابەشبونی فیعلی هەنگاو دەنێت؟
چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە، ئەم ڕوداوە نیشانەی دابەشبونی فەرمی وڵات نییە، چونکە هیچ هێزێکی سەربازیی گەورە یان پشتگیرییەکی نێودەوڵەتی لەپشت نییە، بەڵام وەک زەنگێکی مەترسیدار سەیر دەکرێت کە نیشانەی بونی بۆشایی کارگێڕیی‌و هەوڵی هەندێک لایەنی ناوخۆییە بۆ سەپاندنی ئەمری واقیع لەم قۆناغە ناسکەدا.

پاراستنی سەقامگیریی سوریا به‌بڕواى چاودێران، لەئێستادا بەستراوەتەوە بەتوانای حکومەتی سوریا بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەمجۆرە پێشێلکارییە تاکەکەسیانەو جێبەجێکردنی یاسا بەسەر هەمواندا بەبێ جیاوازیی.