ئیلهام ئه‌حمه‌د له‌باره‌ى چونیان له‌گه‌ڵ عه‌بدى بۆ ئیمراڵى هاته‌ده‌نگ‌و زانیاریى گرنگ ئاشكراده‌كات

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2251 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سه‌ركردایه‌تى سیاسیى كورد له‌ڕۆژئاواى كوردستان له‌باره‌ى دیدارى لوتكه‌ له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان له‌دورگه‌ى ئیمراڵى هاته‌ده‌نگ‌و ئیلهام ئه‌حمه‌د جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "بەهۆی گۆڕانکاریی‌و بەربەستە نوێیەکانەوە، پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ پێداچونەوەی گشتگیر بەسروشتی پەیوەندیی‌و هاوپەیمانێتییەکەیان لەگەڵ ئەمریکادا".


لەکاتێکدا کە ناوچەکە لەقۆناغی گواستنەوەیەکی سیاسیی قورسدایە، ڕێککەوتنی کانونی دوەمی 2026 بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەناو سوپای فەرمیی سوریادا ڕوبەڕوی کۆسپ‌و تەگەرەی توند دەبێتەوە، هۆشدارییە نوێیەکانی سەرکردایەتی کورد، پەردە لەسەر مەترسیی گەورە لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی‌و پێویستیی پێداچونەوە بەهاوپەیمانێتییەکاندا لادەدەن.

کۆسپەکانی بەردەم یەکگرتنی سەربازیی‌و دامەزراوەیی
ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەبەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، لەچاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی (الحره‌) ڕایگەیاندوه‌، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی کانونی دوەم کە تایبەتە بەدۆسیەی تێکەڵکردنی هێزە چەکدارەکان‌و یەکخستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، کارێکی ئاسان نییە.

ئه‌و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌ دیاره‌ى ڕۆژئاواى كوردستات دانی بەوەشداناوه‌، لەسەر ئەرزی واقیع، بەربەستی کۆنکرێتی‌و ئاڵۆز هاتونەتە پێش کە ڕێڕەوی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە خاو دەکەنەوە.

پیلانی هەواڵگریی دەرەکی بۆ شێواندنی ئاشتیی
لەگۆڕانکارییەکی مەترسیداردا، ئیلهام ئه‌حمه‌د هۆشداریی توندیدا لەهەوڵی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە، ئیلهام ئەحمەد پەنجەی تۆمەتی بۆ دەزگای هەواڵگریی چەند وڵاتێک (کە ناوی نەهێناون) ڕاکێشاوه‌و ده‌ڵێت، "ئەو دەزگایانە لەڕێگەی بەڕێوەبردنی لاپەڕەی سێبەرو میدیایی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، سەرقاڵی هاندانی سیستماتیکن بۆ لێدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی‌و تێکدانی ئەو تەباییەی کە ئێستا لەئارادایە".

پێداچونەوە بەهاوپەیمانێتی واشنتۆن‌و مافە دەستورییەکان
له‌باره‌ى پەیوەندیی لەگەڵ ئەمریکا، ئیلهام ئەحمەد بەڕاشکاوی ڕایگەیاند، "واقیعی نوێی سیاسی وایکردوە، پێویستییەکی بەپەلە هەبێت بۆ پێداچونەوەی هەمەلایەنە بەسروشتی پەیوەندیی‌و هاوپەیمانێتییەکەیان لەگەڵ ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکادا".

ئیلهام هەرچەندە پێشوازیی لەمەرسومی سەرۆکایەتی تایبەت بەمافەکانی کورد لەسوریا کرد، بەڵام جەختیشیکردەوە، "مەرسومەکە لەهەندێک لایەنەوە کەموکوڕی هەیە، تاکە گەرەنتی ڕاستەقینە ئەوەیە کە مافەکانی گەلی کورد لەناوەڕۆکی هەر دەستورێکی نوێی وڵاتەکەدا بچەسپێندرێت".

ڕەتکردنەوەی چاوپێکەوتنی لوتکە لەگەڵ ئۆجەلان
لەسەر ئاستی ناوخۆیی‌و حزبی، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بەتەواوی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باسیان لەئەنجامدانی کۆبونەوەیەک دەکرد لەنێوان ئەوو مەزڵوم عەبدی (فەرماندەی گشتیی هەسەدە) لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) له‌دورگه‌ى ئیمراڵى‌و تەنانەت ئەگەری ڕودانی کۆبونەوەی لەو شێوەیەشی لەداهاتودا بەدورزانیوه‌.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، ڕۆژنامەی جمهوریەتى تورکى بڵاویکردەوە، مەزڵوم عەبدی‌و ئیلهام ئەحمەد لەماوەی مانگی ئاداری ئه‌مساڵدا، گواستراونەتەوە بۆ دورگەی ئیمراڵی، لەوێ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجه‌لان کۆبونه‌وه‌یان ئه‌نجامداوه‌ سه‌باره‌ت به‌پرۆسه‌ى ئاشتیى‌و دۆخى كورد له‌سوریا.