شارپرێس:
لەڕۆژئاواى كوردستانهوه
بۆ بیابانەکانی ئەفریقا، گروپه چەکدارەکان بەهاوکاریی کۆمپانیا ئەمنییەکان، نەک تەنها
گەنجانی عەرەب، بەڵکو گەنجانی کوردی ناوچەی عەفرینیش لەڕێگەی فڕۆکەخانەکانی تورکیاوە
دەگوازنەوە بۆ هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ لەنەیجەرو مالی، بازرگانییەک کە تێیدا هەژارییو
بێکاریی کراونەتە سوتەمەنی بۆ جەنگی نێودەوڵەتیی لایەنە زلهێزەکان.
زیانە مرۆییەکانی چەکدارانی
بەکرێگیراوی سوریا لەوڵاتی نەیجەرو وڵاتانی دەوروبەریی، بەشێوەیەکی بەرچاو ڕوی لەهەڵکشان
کردوە، دوای ئەوەی جەنگی ڕاستەوخۆ لەدژی ڕێکخراوە توندڕەوەکان دەیان گەنجی سوریی
کردوەتە قوربانیی، ئەم دۆسیەیە بوەتە یەکێک لەتاریکترین لاپەڕەکانی قۆناغی دوای گۆڕانکارییەکانی
سوریا.
ئاماری قوربانیان..
ژمارەی کوژراوەکان چەندە؟
پڕۆسەی ناردنی چەکداران
کە لەسەرەتای ساڵی 2024وە بەشێوەیەکی چڕ دەستیپێکردوه، زیانی گیانی گەورەی لێکەوتوەتەوە،
بهگوێرهى بەدواداچونە فەرمییەکانی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لەسوریا (SOHR)، لەیەکەم گەڕی پێکدادانەکاندا لەئایاری 2024، کەمینی گروپە چەکدارەکان
لەنەیجەر بوە هۆی کوژرانی نۆ چەکداری سوریی بەشێوەیەکی پشتڕاستکراوە.
ئهوهشى ڕونكردوهتهوه،
لەیەکەم کارواندا کە گەڕایەوە سوریا (تایبەت بۆ ناوچەکانی ئیدلبو گوندەوارەکانی حەما)،
تەرمی چوار گەنج گەیەندرایەوە کەمپەکان کە بەهۆی توندی شەڕەکانەوە شێواوبونو
ناسنامەیان دیارنەبوو.
باسى لهوهشكردوه، ڕاپۆرتە
مەیدانییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، بەهۆی قورسیی جوگرافیای ناوچەی (سێگۆشەی سنوری لەنەیجەرو
مالی)، زیاتر لە 30 چەکدار لەچوارچێوەی هێرشە پێچەوانەکانی توندڕەوەکاندا بێسەروشوێن
بون یان کەوتونەتە دەست گروپە ناوخۆییەکانی ئەفریقا.
فێڵە گەورەکە.. لەپاسەوانییەوە
بۆ هێڵی پێشەوەی جەنگ
هۆکاری سەرەکی زۆری
ژمارەی کوژراوەکان بۆ ئەو فێڵە یاساییو سەربازییە دەگەڕێتەوە کە لایەنە ئەمنییەکان
لێیان دەکەن، کۆمپانیاکان (وەک كروپه چهكدارهكانى سوپای نیشتمانی یان سوڵتان
مورادو حەمزات) بەگەنجەکان دەڵێن، ئەرکیان تەنها پاراستنی بیرە نەوتەکانو کانەکانی
زێڕە، دوای گەیشتنیان بۆ هێڵەکانی نەیجەر، دەخرێنە ژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی هێزەکانی
فەیلەقی ئەفریقا (فاگنەری پێشوو) بۆ ئەنجامدانی هێرشی هێرشبەری دژ بەچەکدارانی قاعیدەو
داعش.
ئهوهش ئاشكراكراوه،
هاوکات لەگەڵ زیادبونی کوژراوەکان، دەزگا ئەمنییەکان دەستیانکردوە بەکەمکردنەوەی ئەو
موچەیەی (ههزارو 500 دۆلار) کە بەڵێنیان پێدابون، ئەمەش ناڕەزایەتی گەورەی لەناو
چەکدارەکاندا دروستکردوە.
لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکان
گەڕانەوەی تەرمی گەنجان
بۆ سوریا شەپۆلێکی توڕەییو بێزاریی لەناو خێزانەکاندا دروستکردوە، چالاکوانان جەختدەکەنەوە،
پێویستە حکومەتی دیمهشق ڕێگریی بکات لەبەردەوامی ئەم بازرگانییە بەخوێنی گەنجانی
وڵاتەکەوە، کە تەنها بەهۆی هەژارییو نەبونی بژێوییەوە ڕودەکەنە ئەو دۆزەخە.
ئەو گروپە چەکدارانەی
زۆرترین بەشدارییان ههیه
پڕۆسەی ڕاکێشانو
ناونوسکردنی گەنجان لەباکوری سوریا (ڕۆژئاواى كوردستان) واته ئەو ناوچانەی پێشتر
لەژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنی چەکدارو هێزەکانی سەر بەتورکیادا بون، وەک (عەفرین، عەزازو
باب)، لەڕێگەی چەند گروپێکی سەر بەسوپای نیشتمانیی سوریا ئەنجامدەدرێت کە نێوەندگیریی
لەنێوان کۆمپانیا ئەمنییەکانو گەنجاندا دەکەن.
بهگوێرهى ئهو زانیاریانهشى
تایبهت دهست شارپرێس كهوتون، دیارترین ئهو گروپانهش بریتین لهگروپى سوڵتان
موراد بەسەرکردایەتی (فەهیم عیسا)، ئەم گروپە بەیەکێک لەسەرەکیترینو بەهێزترین لایەنەکان
دادەنرێت کە ئەرکی ناونوسکردنو کۆکردنەوەی گەنجان لەناوچەکانی عەفرینو عەزاز دەگرێتە
ئەستۆ.
ههروهها گروپى حهمزات،
ئەم گروپەش بەشێوەیەکی چالاک بەشدارە لەدابینکردنی هێزی مرۆییو واژۆکردنی گرێبەستە
ئەمنییەکان لەگەڵ ئەو گەنجانەی کە بەهۆی هەژارییەوە ڕازیدەبن بڕۆن، گروپى سولەیمان
شا-ش بەسەرکردایەتی (محەمەد ئەلجاسم ـ ئەبو عەمشە) یهكێكى دیكهیه کە چەندین ڕاپۆرتی
نێودەوڵەتی ئاماژەیان بەوەکردوە، بنکەکانیان لەباکوری حەلەب بەکاردەهێنرێت بۆ تۆمارکردنی
ناوی ئەوکەسانەی ئارەزوی گەشتکردن دەکەن بۆ ئەفریقا.
شێوازی گواستنەوەی گەنجەکان
لەڕێگەی فڕۆکەخانەکانەوە
پڕۆسەی گواستنەوەی چەکدارەکان
بەچەند قۆناغێکی ڕێکخراودا دەڕواتو هێڵە ئاسمانییە سەربازییو مەدەنییەکان بەکاردەهێنرێن،
گەنجەکان لەبنکەکانی ناوخۆی باکوری سوریا (ڕۆژئاواى كوردستان) کۆدەکرێنەوە، پشکنینی
پزیشکی سەرەتاییان بۆ دەکرێتو پێداویستییە سەربازییەکانیان پێدەدرێت، دواتر چەکدارەکان
لەڕێگەی دەروازە سنورییە فەرمییەکانی نێوان سوریاو تورکیاوە (وەک دەروازەی حەمام لەعەفرین
یان باب ئەلسەلامە لەعەزاز) بەپاس دەگوازرێنەوە بۆ ناو خاکی تورکیا.
ئهوهش زانراوه، گەنجەکان
دەگەیەنرێنە فڕۆکەخانەکانی باشوری تورکیا (بەتایبەت فڕۆکەخانەی غازی عەنتاب یان ئهنتالیا)،
لەوێوە لەڕێگەی فڕۆکەی مەدەنی یان گەشتی تایبەتەوە، دەگوازرێنەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی
ئەستەمبوڵ، لەئەستەمبوڵیشەوە، بەگەشتی ئاسمانیی ڕێکخراو (کە زۆرجار هێڵە ئاسمانییە
بازرگانییەکان یان فڕۆکەی گواستنەوەی جۆری تڕانسپۆرتن) ڕاستەوخۆ دەبرێن بۆ فڕۆکەخانەی
نێودەوڵەتیی دیۆری هەمانی (Diori Hamani) لەنیامی،
پایتەختی وڵاتی نەیجەر، لەوێشەوە لەلایەن ئەفسەرانی ناوخۆییو هێزەکانی سەر بەفاگنەرو
سوپای نەیجەرەوە وەردەگیرێنو دابەشی سەر بەرەکانی جەنگ دەکرێن.
دهسهڵاتهكهى شهرع
چى دهكاتو بهنیازى چییه؟
ئهو زانیاریانهى
ئاشكراكراون دهڵێن، حکومەت لەڕێگەی وەزارەتی بەرگرییەوە کاردەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی
پێکهاتەی سەربەخۆی گروپهكانى باکورى سوریا (وەک سوڵتان مورادو حەمزات)و تێكهڵكردنیان
لەناو هێزێکی ڕێکخراوی نیشتمانیدا، چاودێرانیش دهڵێن، ئەم هەنگاوە دەیەوێت سەرکردە
مەیدانییەکان لەو سەربەخۆییە دابڕێت کە پێشتر هەیانبوو بۆ بەستنی گرێبەستی شەڕ لەدەرەوەی
سنور.
کۆنترۆڵکردنی دەروازە
سنورییەکانو فڕۆکەخانەکان
هێزە سەربازییو دەزگای
هەواڵگریی سەر بەحکومەتی دیمهشق، چاودێرییەکی توندیان خستوەتەسەر دەروازە سنورییەکانی
باکورى وڵاتهكهیان لەگەڵ تورکیا (بەتایبەت ئەو شوێنانەی پێشتر وەک خاڵی پەڕینەوەی
چەکداران بەکاردەهاتن) بۆ ڕێگریکردن لەهەر جوڵەیەکی بەکۆمەڵی گەنجان بەبێ مۆڵەتی فەرمیی
حکومەت.
هەماهەنگیی دیپلۆماسیو
نێودەوڵەتی
دوای گۆڕانکارییەکانی
دیمەشق، حکومەتی نوێ زنجیرەیەک کۆبونەوەی لەگەڵ وهفده دەرەکییەکان (لەوانەش حکومەتی
لیبیاو لایەنە ناوچەییەکان) ئەنجامداوە بۆ داواکردنی گەڕاندنەوەی سەرجەم چەکدارە
سورییەکان کە لەدەرەوەی وڵاتنو داخستنی هێڵەکانی بازرگانیکردن بەمرۆڤەوە.
ئاستەنگەكان چیین؟
ڕاپۆرتەکانی تۆڕی سوری
بۆ مافەکانی مرۆڤ (SNHR) ئاماژە بەوەدەکەن، هێشتا ڕکابەریی نێوان سەرکردە مەیدانییەکانو
دەستێوەردانی هەندێک هێزی دەرەکی، جێبەجێکردنی تەواوی ئەم بڕیارانە لەباکوری وڵاتەکەدا
خاودەکاتەوە، بەڵام ئاڕاستەی گشتیی دەوڵەت بەرەو کۆتاییهێنانە بەم دۆسیەیە.
زۆرینەی عەرەبو
تورکمان
شارپرێس ئهوهشى زانیوه،
بەهۆی ئەوەی ئەو گروپانهى کە سەرپەرشتی پڕۆسەکە دەکەن (وەک سوڵتان مورادو حهمزات)
بنکەکانیان لەناوچەکانی وەک عەفرین، عەزازو جەرابلوسە، زۆرینەی هەرە زۆری ئەوکەسانەی
ناویان تۆمارکردوە لەپێکهاتەی عەرەب (بەتایبەت ئاوارەکانی حمس، حەماو دێرزور کە لەکەمپەکاندا
دەژیان)و پێکهاتەی تورکمانن.
چەکدارانی کوردی سەر بەلایەنەکانی
باکوور
لەدوای ساڵی 2018و گۆڕانکارییەکانی
ناوچەی عەفرین، چەند گروپێکی چەکداریی کوردی ناوخۆیی دروستبون یان تێکەڵی هێزەکانی
باکور بون (وەک گروپى (لیوای نەوەکانی سەڵاحەدین) یان کەتیبە کوردییەکانی ناو حهمزات،
هەندێک لەگەنجانی کورد کە چونەتە ناو ئەم گروپانەوە، هاوشێوەی هاوڕێ عەرەبەکانیان،
بەهۆی نەبونی سەرچاوەی بژێویی، هەژاریی توندو بێکارییەوە، ناوی خۆیان بۆ گەشتکردن
بۆ ئەفریقا تۆمارکردوە.
پاڵنەری سەرەکی داراییە
نەک ئایدۆلۆژیی
ڕاپۆرتەکانی تۆڕی سوری
بۆ مافەکانی مرۆڤ جەخت لەوە دەکەنەوە، چونی ئەو گەنجانە چ (عەرەب بن، یان کوردو
تورکمان) هیچ پەیوەندییەکی بەبیروباوەڕی سیاسیی یان نەتەوەییەوە نییە، بەڵکو تەنها
وەک کارێکی بازرگانیو دابینکردنی بژێویی سەیری دەکەن بۆ ڕزگاربون لەدۆخی خنکێنەری
ئهو شوێنو ناوچهیهى تێیدا دهژین.
