شارپرێس:
لەپەرەسەندنێکی نوێی
گرژییە دیپلۆماسیو سەربازییەکاندا، ئەمریکا هۆشدارییەکی توندو بێپێشینەی ئاڕاستەی
هاوپەیمانەکانی لەڕێكخراوى پهیمانى باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ)و ئەوروپا کرد، وهزیرى
بهرگریى ئهمریكا ڕایگەیاند، "پێویستە ئەم وڵاتانە خەرجییە سەربازییەکانیان
بەخێرایی زیادبکەن، بەپێچەوانەوە ڕوبەڕوی گۆڕانکارییەکی ڕون دەبنەوە لەشێوازی مامەڵەکردنی
ئەمریکا لەگەڵیاندا".
ئەم پەیامە توندە لەلایەن
پیت هیگسێس وەزیری بەرگریی ئەمریکاوە لەمیانی وتارەکەیدا لە23یهمین خولی کۆڕبەندی
دیالۆگی شانگریلا لەسەنگاپورە ڕاگەیەندراو بەڕاشکاوی وتی، "بۆ ماوەیەکی زۆر،
داواکارییەكانى ئێمە لەهاوپەیمانە ئەوروپییەکانمان بۆ زیادکردنی خەرجییە بەرگرییەکانیان،
گوێی لێنەگیرا، سەردەمی ئەوەی ئەمریکا پاڵپشتی دارایی بەرگری وڵاتە دەوڵەمەندەکان
بکات کۆتاییهاتوە، ئێمە پێویستمان بەهاوبەشە، نەک وڵاتی ژێر چاودێرییو پارێزگاریی".
ئەم هۆشدارییە لەکاتێکدایە
کە ئەندامانی ناتۆ پێشتر پابەندبونی خۆیان نیشاندابوو بەبەرزکردنەوەی خەرجییە سەربازییەکانیان
بۆ 5٪ی کۆی بەرهەمی ناوخۆییان، بەڵام چەندین وڵاتی ئەوروپی ئێستا دانیان بەوەداناوە،
بەهۆی کێشە ئابورییەکانەوە ناتوانن لەکاتی دیاریکراودا بگەنە ئەو ئامانجە.
لهو ڕوهشهوه هیگسێس
هۆشداریدا کە هەر وڵاتێک پشکی خۆی لەبەرگریی بەکۆمەڵدا نەدات، دەبێت چاوەڕوانی لێکەوتەی
جددی بکات لەپەیوەندییەکانیدا لەگەڵ واشنتۆن.
هاوكات لەگەڵ ئەم لێدوانانە،
مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگهیاندوه، "ڕەنگە ئەمریکا ژمارەی هێزە
سەربازییەکانی خۆی لەئەوروپا کەمبکاتەوە، هۆکاری ئەمەش بۆ دوو خاڵ دەگەڕێتەوە، یهكهمیان،
ناچارکردنی ئەوروپا بۆ ئەوەی پشت بەتوانای سەربازیی خۆی ببەستێت، دوهمیش گواستنەوەی
سەرنجی ستراتیژی واشنتۆن بۆ بەرەنگاربونەوەی هەڕەشەی سهر ناوچەکانی دیکە، بەتایبەت
فراوانخوازییەکانی چین لەناوچەی ئاسیاو زەریای هێمن".
وەزیری بەرگریی ئەمریکا
بەراوردێکی لەنێوان هاوپەیمانە ئەوروپیو ئاسیاییەکاندا کردو ڕایگەیاند، ئاسیا لەسەر
هێڵی پێشەوەی هەڕەشەکاندایەو بەشێوەیەکی واقیعی لەدۆخەکە تێگەیشتوە، ئەو ستایشی وڵاتانی
وەک کۆریای باشور، ئوسترالیا، فلیپینو ژاپۆنی کرد کە بەبەردەوامی وەبەرهێنان لەسوپاکانیاندا
دەکەنو ڕێگەیان نەداوە توانای بەرگرییان لاوازبێت.
لەبەرامبەردا، بەرپرسانی
سەربازیی ناتۆ، لەوانەش ئەدمیراڵ جیۆسێپی کاڤۆ دراگۆنی سەرۆکی لیژنەی سەربازیی ناتۆ،
هەوڵیانداوە دڵنیایی بدەنە واشنتۆن کە ئەوروپا بەسیستماتیکی کار لەسەر پەرەپێدانی
تواناکانی دەکات بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، بەڵام پێدەچێت ئارامی واشنتۆن بەرامبەر بەو
سستییە بەرەو نەمان بڕوات.
