ئەمریكا لەبارەی گروپە چەكدارەكانەوە هۆشدارییەكی توند دەداتە زەیدی

ڕاپۆرت

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 234 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا پەیامێكی لە ئەمریكاوە پێگەیشت، تیایدا واشنتۆن بە توندی بەشداریكردنی هەر گروپێكی چەكداری لە حكومەتی نوێی عێراق ڕەتكردەوە، تەنانەت ئەگەر ئەو گروپانە ڕابگەیەنن چەكەكانیان دادەنێن یان ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان ڕادەگرن.

سەرچاوەیەك ڕایگەیاندووە، "لە پەیامەكەی ئەمریكادا جەخت لەوە كراوەتەوە كە سپاردنی هەر پۆستێكی وەزاری یان  حكومی بۆ گروپی چەكدار یان بۆ كەسایەتییەكانی ئەو گروپانە لەگەڵ دژایەتی ئەمریكی و ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، هەروەها دەكرێت ببێتە هۆی پچڕانی سیاسی و ئیداری لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوە حكومییەكە. ئەمەش كاردانەوەی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر كۆی پەیوەندییەكانی عێراق و ئەمریكا، هەروەها لەسەر هاریكاری لەگەڵ ژمارەیەك وڵاتی ڕۆژئاوا".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە كە داوای كردووە ناوی ئاشكرا نەكرێت، زەیدی ناوەڕۆكی پەیامەكەی گەیاندووەتە هێزە سیاسییەكانی بەشدار لە ڕاوێژكارییەكانی پێكهێنانی حكومەت، بەتایبەتی ئەوانەی لە چوارچێوەی هەماهەنگیدان. لە ئێستادا گفتوگۆی چڕوپڕ سەبارەت بەم ڤیتۆ نوێیەی ئەمریكا لە سەر بەشداریكردنی گروپە چەكدارەكان لە كابینەی نوێدا بەڕێوەدەچێت.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، بەشێك لە هێزە سیاسییەكان مەیلیان بەرەو پێدانی پۆستی وەزاری بە گروپە چەكدارەكان  بووە دوای  چەكداماڵینی گروپەكان، بەڵام هۆشدارییەكەی ئەمریكا جارێكی دیكە پرسەكەی ئاڵۆزكردووەتەوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گفتوگۆی زیاتر دەكەن. 

ئەو سەرچاوەیە لە كۆتاییدا دەڵێت، "لە نێو ئەو گروپانەی كە دوای ڕاگەیاندنی داماڵینی چەك تاوتوێی وەرگرتنی پۆستیان كردوە، عەسائیب ئەهلی حەقە بەڵام پێشهاتەكانی ئەم دواییە وایكردووە هێزە سیاسییەكان لە ژێر ڕۆشنایی فشاری نێودەوڵەتی بژاردەكانیان هەڵبسەنگێننەوە".

ئەمریكا گوشارەكانی بۆ سەر بەغدا چڕتر دەكاتەوە و پاڵپشتیەكانی بۆ حكومەتی عێراق دەبەستێتەوە بە دوورخستنەوەی گروپە چەكدارەكان لە دامودەزگاكانی دەوڵەت.

تا ئەم دواییانە ڕاپۆرتەكان ئاماژەیان بەوە دەكرد كە واشنتۆن مەرجی ئەوەی هەبوو كە گروپە چەكدارەكان ناتوانن بەشداری بکەن لە حكومەتدا.

بڕیارە چوارچێوەی هەماهەنگی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا كۆبوونەوەیەك ئەنجامبدات بۆ تاوتوێكردنی پرسەكانی سنوورداركردنی چەكی گروپەكان و بڕیاری موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی نیشتمانی شیعە سەبارەت بە "سەرایە سەلام".