پلانی گواستنەوەی چەكدارانی داعش لەسوریاوە بۆ عێراق ئاشكرادەكرێت.. ڕوسیا هۆشداریدەدات

ڕاپۆرت

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1293 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەلێکساندەر بۆرتنیکۆڤ، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی فیدراڵی ڕوسیا هۆشداریدا لەوەی دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕۆژئاوا ئامادەکاریی دەکەن بۆ بەکارهێنانی چەکدارانی سەر بەداعش لەسوریا وەک هێزێکی بەوەکالەت دژی ئێران.


بۆرتنیکۆڤ لەکۆبوونەوەی سەرۆکی دەزگای ئەمنییەکانی وڵاتە سەربەخۆ و خاوەن بەرژەوەندییە هاوبەشەکان (CIS) لە ئیرکوتسک وتی، ئەو چەکدارانەی پێشتر لە زیندانەکانی سوریادا ڕاگیراون، دەگوازرێنەوە بۆ کەمپەکانی عێراق.

ئاماژەی بەوەشکرد، خودی داعش لە زیندانە هاوشێوەکانی زیندانەکانی عێراق لەژێر پاراستنی دەزگا هەواڵگرییەکانی هاوپەیمانی ڕۆژئاوا دروستبوون وەک ئاماژەیەک بۆ سەردەمی زیندانی بوکا.

بۆرتنیکۆڤ دەستدرێژی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران بە بەشێک لە شەڕێکی فراوانتری ڕۆژئاوا بۆ سەر گەلانی موسڵمان وەسف کرد و هۆشداریشی دا کە ئەو هەڵکشانە هەڕەشەی ناسەقامگیری جیهانی ئیسلامی فراوان دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، چەکدارە ئازادکراوەکان هاوڵاتییانی وڵاتە سەربەخۆ و خاوەن بەرژەوەندییە هاوبەشەکان (CIS) لەخۆدەگرێت، ئەمەش مەترسییەکی ئەمنی لە دەرەوەی ڕۆژئاوای ئاسیا دروستدەکات.

ئەمە لەكاتێكدایە، لەدوای ڕوخانی ڕۆژێمی پێشوی سوریاو پێكهێنانی حكومەتەكەی ئەحمەد شەرع، چەندین زیندانی داعش لەزیندانیەكانی سوریادا گواسترانەوە بۆ زیندانییەكانی عێراق.

هاوكات، پێشتریش، ڕێکخراوی هیومان رایتس ۆوچ، هۆشداری دا لەگواستنەوەی ئەو چەكدارانەوەو ئاشكرایكرد، وڵاتانی ئەوروپی نایانەوێت چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش، کە لەژێر دەستی هێزەکانی سووریای دیموکرات (ھەسەدە) زیندانیکراون بگەڕێننەوە وڵاتەکانیان، بۆیەش هەوڵدەدەن دەستگیرکراوانی داعش رەوانەی عێراق بکەن.