ڕێڕه‌وى ورچ.. چۆن ڕوسیا گەرویەکی ستراتیژیی بۆ خنکاندنی ناتۆو بەریتانیا کۆنترۆڵکرد؟

ڕاپۆرت

13 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2732 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ململانێی سارد لەزەریای بەستوی باکوردا گەیشتوەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە، به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتێکی شیکاریی مەترسیدار کە لەلایەن ڕۆژنامەی (زە تایمز)ی بەریتانییەوە بڵاوکراوەتەوە، ڕوسیا توانیویەتی کۆنترۆڵی سەربازیی تەواو بەسەر ناوچەی دەریایی ستراتیژیی (ڕێڕه‌وى ورچ ـ Bear Gap) لەنێوان باکوری نەرویژو دورگەکانی سڤالبەرددا بسەپێنێت، ئەم پێشهاتە وەک گەورەترین هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆسەر قەوارەی هاوپەیمانی ناتۆو ئاسایشی نەتەوەیی بەریتانیا سەیر دەکرێت.


بۆچی ناوچەی ڕێڕه‌وى ورچ بۆ ڕووسیا هێڵی ژیانە؟
ئەم ناوچە دەریاییە وەک دەروازەیەکی زێڕین وایە بۆ هێزی دەریایی ڕوسیا؛ چونکە تەنها ڕێڕەوێکە کە ڕێگە بەژێردەریاییە ئەتۆمییە گەورەکانی مۆسکۆ (کە سەر بەکەشتیگەلی باکورن) دەدات لەبنکەکانیانەوە دەربچن‌و بگەنە قووڵایی زەریای ئەتڵەسی، کۆنترۆڵکردنی ئەم گەروە لەلایەن ڕوسیاوە، هێڵی یەکەمی بەرگریی ناتۆ لەباکوری ئەوروپادا دەشکێنێت‌و دەستی مۆسکۆ ئاوه‌ڵا دەکات بۆ ئەوەی هێزی خۆی بەسەر تەواوی ئاوەکانی ڕۆژئاوادا بسەپێنێت.

سیناریۆیەکی تۆقێنەر.. بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت‌و وزە
گەورەترین ترسی بەریتانیاو هاوپەیمانەکانی لەوەدایە کە ژێردەریاییە بێدەنگ‌و پێشکەوتوەکانی ڕوسیا، دوای تێپەڕبونیان لەم ناوچەیە، لەکاتی هەر پێکدادانێکدا دەتوانن هێرشبکەنەسەر ژێرخانە هەستیارەکانی ئەوروپا، ئەمەش تەنها بەواتای هاویشتنی موشەکی کروز نایەت بۆسەر شارەکان، بەڵکو مەترسیی بڕینی کێبڵە دەریاییەکانی ئینتەرنێت، هێڵەکانی گواستنەوەی غازو وزە لەخۆدەگرێت کە ئەوروپاو ئەمریکای باکور پێکەوە دەبەستنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئیفلیجکردنی تەواوەتی ئابوریی ڕۆژئاوا.

پەرچەکرداری خێرای بەریتانیاو نەرویژ
بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم واقیعە نوێیە، هێزەکانی بەریتانیاو نەرویژ هۆشداریی توندیان ڕاگەیاندوەو دەستیان به‌جێگیرکردنی هێزی زیاترکردوە، لەئێستادا نەرویژ چاودێریی ئاسمانی‌و دەریایی لەناوچەکەدا بۆ چەند هێندە بەرزکردوەتەوە، بەریتانیا-ش هێزی دەریایی شاهانەی ڕاسپاردوە بۆ ناردنی کەشتیی جەنگیی زیاترو فڕۆکەی دژە ژێردەریایی لەجۆری (Poseidon P-8) بۆ چاودێریکردنی هەر جوڵەیەکی گوماناوی ڕوسیا.

دەرەنجام
مۆسکۆ بەسەرکەوتنی لەکۆنترۆڵکردنی ڕێڕه‌و یان گه‌روى ورچ، پەیامێکی ڕونی بۆ ڕۆژئاوا ناردوە کە باکوری جیهان چیتر ناوچەیەکی ئارام نییە، شارەزایانیش پێیانوایە، ئەم گۆڕانکارییە ستراتیژییە هاوسەنگی هێزی دەریایی لەبەرژەوەندی ڕوسیا گۆڕیوەو ناتۆ ناچاردەکات تەواوی پلانی بەرگریی خۆی لەدەریای باکوردا دوبارە دابڕێژێتەوە.