هاوپەیمانیی مێژویی دیموکراتەکان و جوو لەبەردەم مەترسیدا؛ دژە بزوتنەوەی زایۆنیزم لەئەمریکا گەشە دەکات

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 119 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ی ئەمریکی لەراپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەو هاوپەیمانییە نەریتیی و مێژووییەی کە لە سەردەمی فرانکلین ڕۆزڤێڵتەوە لە نێوان جووەکانی ئەمریکا و حیزبی دیموکراتدا دروست ببوو، ئێستا زیاتر لە هەمیشە بەرەو لێکترازان دەچێت.

 
رۆژنامەکە باسی لەوەکردووە کە بەهۆی توندبوونی مشتومڕەکان لەسەر پرسی ئیسرائیل و شەڕی غەززە، پێگەی جوولەکەکان لەناو حیزبەکەدا کەوتۆتە ژێر مەترسییەوە و سەرکردە دیارەکان هۆشداریی دەدەن لەوەی "دژایەتیکردنی زایۆنیزم" لەناو لایەنگرانی حیزبەکەدا گۆڕاوە بۆ "دژە جولەکەیی".

ئەوەش هاتووە: ئەم شەپۆلە نوێیە وایکردووە کە نەک تەنیا ڕەخنە لە سیاسەتەکانی ئیسرائیل بگیرێت، بەڵکو مافی بەشداری سیاسیی جوولەکەکانیش لە ئەمریکادا بخرێتە ژێر پرسیارەوە؛ بۆ نموونە، جوش شابیرو، حاکمی پێنسیلڤانیا، هۆشداری داوە لەو هەوڵە مەترسیدارانەی کە دەیانەوێت دەنگی ئەو بەربژێرانە کپ بکەن کە هاوکاری دارایی لە ڕێکخراوەکانی وەک لێژنەی کاروباری گشتیی ئەمریکا-ئیسرائیل (ئایپاک) وەردەگرن.

هاوکات سیناتۆر ئەلیسا سلۆتکین ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بۆتەوە تەنیا بەهۆی وەرگرتنی پارە لە بەخشەرانی جوو، کە وەک هێرشێکی ناڕەوا بۆ سەر شەرعیەتی دەنگدەری جوو سەیر دەکرێت.

ئەم ئاڕاستە نوێیە لە دەنگدانی ناوخۆیی حیزبەکەشدا ڕەنگی داوەتەوە؛ لە میشیگان، بەربژێرێکی دیموکرات کە ستایشی حەسەن نەسروڵڵای کردبوو، لەسەر حیسابی بەربژێرێکی جوو سەرکەوتنی بەدەستهێنا، هەروەها هەندێک بەربژێری تر لێدوانی توندیان دژی ئیسرائیل داوە یان سیمبولی نازییەکانیان پۆشیوە.

راپۆرتە پێیوایە کە ئەم پەرەسەندنانە ترسی ئەوەیان دروستکردووە کە حیزبی دیموکرات چیدی شوێنێکی ئارام نەبێت بۆ جولەکەکان.

لە لایەکی تریشەوە، بەهۆی زیادبوونی دەنگی دژە جولەکەیی لەناو ڕاستڕەوەکانی حیزبی کۆماریشدا، جووەکانی ئەمریکا لە ئێستادا ڕووبەڕووی گۆشەگیرییەکی سیاسیی بێپێشینە بوونەتەوە و لە نێوان هەردوو حیزبە سەرەکییەکەدا هەست بە نامۆیی دەکەن.