شارپرێس:
جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، ئەمریکاو ئیسرائیل هەوڵ دەدەن وڵاتانی عەرەبی ڕابکێشنە ناو ململانێیەکی سەربازی لەگەڵ ئێران و رێگری لەپرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عەرەب و ئێران بکەن.
گیۆرگی بۆریسینکۆ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا لەشەشەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتی ڕوسیا - ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕایگەیاند،"ئەمریکاو ئیسرائیل لەهەوڵی ئەوەدان وڵاتانی عەرەبی بەتایبەت وڵاتانی کەنداو پەلکێشی ناو ئەو جەنگە بکەن کە لەگەڵ ئێران دەستیانپێکردوە، هاوکات وتیشی،"واشنتۆن و تەلئەبیب نایانەوێت دۆخی رڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارامی بەخۆوە ببینێت".
ئەو دیپلۆماتکارە ڕوسییە ڕاشیگەیاند،"بەڕونی لەرێگەی کردەوەکانی ئەمریکاو ئیسرائیلەوە هەوڵەکانیان دەبینین بۆ تێکدانی ئەو ئاساییکردنەوەیەی لەساڵانی ڕابردودا لەنێوان عەرەب و ئێران دروست بوە، هەروەها هەوڵەکانیان بۆ تێوەگلانی عەرەبەکان لەجەنگێکی سەربازی لەگەڵ ئێرانییەکان بەڕونی هەست پێدەکرێت و بەردەوامە.
بۆریسینکۆ ئاماژەی بەوە کرد، واشنتۆن باش دەیزانی هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ئێران، تاران ناچار دەکات وەڵامەکەی ڕوو لەوڵاتانی کەنداو بێت، کە پێشتریش تاران بەڕاشکاوی هۆشداری پێدابوو، وتیشی،"سەرەڕای ئەوەش، ئەمریکا جارێکی تر ڕای هاوپەیمانە عەرەبەکانی پشتگوێ خست کە بەپێداگرییەوە داوایان دەکرد ئۆپراسیۆنی سەربازی دژی تاران ئەنجام نەدرێت، لەبەر مەترسی تێوەگلانیان لەو سەرکێشییە مەترسیدارە."
