ئەمریکا ئامادەیە وەبەرهێنانی گەورە لە پڕۆژەی ئەتۆمیی ئێراندا بکات

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 302 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێشهاتە نوێیەکانی دانوستانەکانی ژنێف نیشانی دەدەن کە تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان لە ڕێگری سادە لە پیتاندن و ژمارەی ئامێرەکانی سەنتەرفیوژەوە، گۆڕاوە بۆ دیزاینکردن و داڕشتنەوەی تەواوەتی پێکهاتەی ئەتۆمیی ئێران لە چوارچێوەی هاوسەنگییەکی جێگیری هێزدا کە تاران لە  بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیی دووردەخاتەوە.

سەرچاوە دپلۆماتییەکانی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە کە واشنتۆن لەگەڵ هەردوو نێوەندگیری قەتەر و پاکستان هاوئاهەنگییەکی چڕ دەکات بۆ ڕاسپاردنی لێژنەکانی ڕێڕەوی تەکنیکی لە دانوستانەکانی ژنێف، بەمەبەستی ئامادەکردنی وەرەقەیەکی کاری گشتگیر کە خشتەیەکی کاتی دیاریکراوی تێدابێت بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
ئەم پلانە دەخوازێت کە تەواوی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران تەنیا لە چوارچێوەی پێویستییە مەدەنیی و ئاشتیخوازانەکاندا پۆلێن بکرێنەوە.
بەپێی زانیارییەکان، واشنتۆن و هاوبەشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی ئامادەن لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەدا، بەخشین و دارایی گەورە پێشکەش بە تاران بکەن کە ببێتە بنمایەک بۆ هاوکاری وەبەرهێنان لە پڕۆژەکانی داهاتوودا، بە جۆرێک کە گەلی ئێران لە ڕووی ئابوریی و بژێوییەوە سوودی ڕاستەوخۆی لێ ببینێت.
هاوکات واشنتۆن بە نێوەندگیرەکانی ڕاگەیاندووە کە پێویستە لە کۆبوونەوە تەکنیکییەکانی داهاتوودا میکانیزمێکی ڕوون بۆ پشکنینی شارەزایانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دیاری بکرێت بۆ ئاشکرابوونی بارودۆخ و توانای ڕاستەقینەی بنکە ئەتۆمییەکان.
بڕیاریشە لێژنەیەکی سەرەکیی لە شارەزایانی ئەمریکی، ئێرانی و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پێکبهێنرێت بۆ کارکردن لەسەر جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە، بەتایبەت پرسی ڕاگرتنی پیتاندن و ڕزگاربوون لە یۆرانیۆمی پیتێندراوی سەرووی 60%. هاوکات ڕافائیل غڕۆسی، بەڕێوەبەری گشیتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دووپاتی کردۆتەوە کە بەمزووانە گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران بۆ دیاریکردنی کاتی پشکنینەکان دەستپێدەکەن.
لەسەر ئاستی شیکاری ستراتیژیی، هیشام موعتەزید توێژەری ستراتیژیی ئاماژە بەوە دەکات کە بەکارهێنانی ئاشتیخوازانە پێویستی بە دیاریکردنی سەقفێکی نزمی پیتاندن هەیە، بە جۆرێک کە یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئاست بەرز بگۆڕدرێت بۆ سووتەمەنی ئەتۆمی گونجاو بۆ ڕیاکتۆرە پزیشکییەکان.
موعتەزید پێیوایە کە داهاتووی بنکە سەرەکییەکانی وەک نەتەنز و فۆردۆ بە تەواوی داناخرێت، چونکە تاران ئەوە وەک خۆبەدەستەوەدانێکی ستراتیژیی دەبینێت، بەڵکو گونجاوترین ڕێگەی واقیعی گۆڕینی ئاراستەی کارەکانیانە بۆ ناوەندی توێژینەوەی مەدەنیی و تاقیگەی سەلامەتیی ئەتۆمی، چونکە بەرهەمهێنانی کارەبا تەنیا پێویستی بە ئاستی نێوان 3% بۆ 5% هەیە.
لە کۆتاییدا، گەر ئەم دانوستانانە سەرکەوتوو بن، بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە ئامرازێکی گوشاری جیۆپۆلەتیکییەوە دەبێتە سەکۆیەکی تەکنەلۆژیای مەدەنی، بەڵام ئەگەر شکست بهێنێت، ململانێکە لە چوارچێوەیەکی تەکنیکییەوە دەگۆڕێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گەورەی سیاسیی و سەربازیی لە ناوچەکەدا.


ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی