وۆڵ ستریت جۆڕناڵ: ئەمریکا دەیەوێت بنکە سەربازییەکانی نزیک ئێران دابخات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 240 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایان کردووە کە بنکەی سەربازیی دەریاییی ئەمریکا لە بەحرەین لە کاتی شەڕی ئێراندا زیانێکی یەکجار زۆری پێگەیشتووە کە زۆر زیاترە لەوەی پنتاگۆن ڕایگەیاندووە.

 بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ کە لە ڕێگەی شیکردنەوەی وێنە مانگە دەستکردەکان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چاوپێکەوتنی سەربازان ئامادەکراوە، دەرکەوتووە ئەم بنکەیە لە نێوان کۆتایی شوبات و حوزەیراندا بۆتە ئامانجی بەردەوامی هێرشەکانی ئێران.
 لەم هێرشانەدا سەرکردایەتیی بنکەکە و لانی کەم 12 باڵەخانەی تر لەگەڵ 2 وێستگەی پەیوەندیی مانگی دەستکرد بە توندی زیانیان بەرکەوتووە.
سوپای ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە کەس لەو بنکەیەدا نەکوژراوە و هێرشەکان کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر چالاکییەکان نەبووە، چونکە پێشتر زۆربەی کارمەندەکانیان گواستبووەوە و تەنیا تیمێکی بچووک مابوونەوە.
 لەگەڵ ئەوەشدا، ئێستا سوپا بیر لە نۆژەنکردنەوەی بنکەکە دەکاتەوە و دەیەوێت ئامادەیی خۆی لە کوێت و سعوودیە کەم بکاتەوە، تاوەکو هەندێک لە ژێرخانەکان بەرەو ڕۆژاوا بگوازێتەوە و لە مەودای موشەک و درۆنەکانی ئێران دووریان بخاتەوە.
کاپتن تیمی هۆکینز، وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا کە سەرپەرشتیی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دەکات، ڕایگەیاند کە ستراتیژی ئەوان پاراستنی گیانی مرۆڤەکان بووە نەک باڵەخانەکان، بۆیە لە کۆی زیاتر لە 8,000 موشەک و درۆنی ئێران تەنیا دوو هێرشیان بوونەتە هۆی کوژرانی ئەمریکییەکان.
ناوبراو جەختی کردۆتەوە کە ئەمریکا بە لێدانی 13,500 ئامانج، زیانێکی زۆر گەورەتری لە ئێران داوە.


ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی