بارزانی بۆ قالیباف: پایەکانی عێراقی نوێ بەخوێنی سولەیمانی داڕێژراون‌و لەگەڵ ئێران دەمێنینەوە

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3520 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەلوتکەیەکی گرنگی ئابوریی‌و سیاسیدا لەتاران، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕاشکاوی ڕایگەیاند، قەبارەی فه‌رمى ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەرێم‌و ئێران گەیشتوەتە نزیکەی 11 ملیار دۆلار، ده‌شڵێت، "ئێران ئەگەر وڵاتی یەکەممان نەبێت، بەبێ گومان وڵاتی دوەممانە"، سه‌رۆكى په‌رله‌مانى ئێرانیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ستایشی هۆشیاریی‌و سیاسه‌تى حه‌كیمانه‌ى بەرپرسانی هەرێم ده‌كه‌ین لەپوچەڵکردنەوەی پیلانەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل کە دەیانویست هەرێمى كوردستان بکەنە مەیدانێک بۆ لێدانی ئێران".


به‌گوێره‌ى ماڵپه‌ڕى فه‌رمى قالیباف، لەچوارچێوەی سەردانەکەی بۆ تاران، نیوەڕۆی هەینی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی په‌رله‌مانى ئێران کۆبوەوەو چەند پرسێکی گرنگی ناوچەکەش تاووتوێكراو بۆ یه‌كه‌مجاریش زانیاریى گرنگ له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا ئاشكراكرا.

قالیباف: هێزی ئێمە لەلۆژیکدایەو بەرامبەر زۆرداریی دەوەستین
محەمەد باقر قالیباف لەو كۆبونه‌وه‌یه‌یدا له‌گه‌ڵ بارزانى، هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانی ڕونکردەوەو ڕایگەیاند، "کۆماری ئیسلامی بەڕاشکاوی لەدانوستانەکاندا داکۆکی لەمافەکانی خۆی دەکات، هێزی ئێمە لۆژیکی ئێمەیە، بەڵام لەبەرامبەر زۆرداریدا تا کۆتایی دەوەستین".

هه‌روه‌ك قالیباف ستایشی هۆشیاریی‌و "سیاسه‌تى حه‌كیمانه‌"ى بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی کردوه‌ لە"پوچەڵکردنەوەی پیلانەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل، کە دەیانویست هەرێم بکەنە مەیدانێک بۆ لێدانی ئێران، هیوادارم پەیوەندییە ئابوریی‌و سیاسییەکانی نێوان هەردولامان لەجاران زیاتر گەشە بکات".

نێچیرڤان بارزانی: ئێران وڵاتی دوەممانەو ڕێگە بەهیچ هێرشێک نادەین
ماڵپه‌ڕه‌كه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا، نێچیرڤان بارزانی پێگەی ستراتیژی ئێرانی بۆ هەرێمی کوردستان بەرز نرخاندوه‌و وتویه‌تى، "ئێران ئەگەر وڵاتی یەکەممان نەبێت، بەبێ گومان وڵاتی دوەممانە، بۆیه‌ جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌، لەیەکەم ڕۆژەکانی شەڕەوە، هێزەکانی هەرێم لەسەر سنورەکان جێگیرکراون‌و سەره‌ڕای هەموو پروپاگەندە میدیاییەکان، ئه‌و هێزانه‌ ڕێگەیان نەداوە هیچ جوڵەیەک لەخاکی هەرێمەوە دژی ئێران بکرێت".

له‌به‌شێكى دیكه‌ى قسه‌كانیدا، بارزانی ئاماژەی بەمێژوی هاوبەش‌و ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی‌و قاسم سولەیمانی کردوه‌ لەبونیادنانی پرۆسەی سیاسی نوێی عێراقداو ڕایگەیاندوه‌، "گەلی کوردستان لەم ناخۆشییەدا هاوخەمی گەلی ئێرانە".

ئابورییەک کە شەڕیش ڕاینەگرت.. 11 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیی
هه‌ر له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ى به‌ڕەهەندێكى گرنگى ئابوریی كردوه‌و وتویه‌تى، "قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەرێم‌و ئێران گەیشتوەتە نزیکەی 11 ملیار دۆلار، ئەوەی ئەم ژمارەیەش گرنگتر دەکات ئەوەیە کە تەنانەت لەسەخترین ڕۆژەکانی شەڕو توندوتیژی لەناوچەکەدا، سنورەکان دانەخران‌و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی بۆ یەک ساتیش نەوەستا، ئەمەش نیشانەی متمانەی قووڵی نێوان هەردولایە".

پوچەڵکردنەوەی پیلانه‌كان
لەکۆتاییدا، ئاماژە بەوەکراوه‌، لەکاتی هێرشەکاندا، تەنانەت بنکەکانی پۆلیسی هاتوچۆش لەناوچە کوردییەکانی ئێران کرانە ئامانج، بەڵام هۆشیاری هاووڵاتیانی کوردو هەماهەنگی نێوان تاران‌و هەولێر، بوە هۆی ئەوەی کە ئەو پیلان‌و هێرشانه‌ بەتەواوی نه‌گه‌نه‌ ئامانجه‌كانى خۆیان‌و سەقامگیریی ناوچەکە بپارێزرێت.