جوتیارە ڕفێندراوەکە چى به‌سه‌رها؟ پۆلیس ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2256 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

عامر نوری وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک نوێترین وردەکاریی دەربارەی ڕفاندنی هاوڵاتییەکی کورد لەسنوری پارێزگاکە ئاشکراکردو ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە ئۆتۆمبێلی ئەو هاوڵاتییە لەدوریی چەند کیلۆمەترێک لەشوێنی ڕوداوەکە بدۆزنەوە.


به‌گوێره‌ى وتەی وتەبێژی پۆلیس، ڕفاندنی ئەم هاوڵاتییە کە پیشەی جوتیارە، وەک "کارێکی تیرۆریستی" هەژمار ناکرێت‌و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن، ڕوداوەکە ڕەهەندێکی دیكه‌ى هەیە.

عامر نوری دڵنیاییدایە هاوڵاتیان‌و کەسوکاری ڕفێندراوەکە کە تیمەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان‌و وتی، "دڵنیان بەزوترینکات دەیدۆزنەوە".

هەرچەندە تائێستا شوێنی وردی جوتیارەکەو چارەنوسی نادیارەو هیچ شوێنەوارێکی خۆی لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا نەدۆزراوەتەوە، بەڵام پۆلیسی کەرکوک جەختیکردەوە، پڕۆسەی گەڕان‌و بەدواداچونی مەیدانی بەردەوامەو هێزە ئەمنییەکان لەئێستادا بەوردی کێوماڵی ئەو ناوچەیە دەکەن کە ئۆتۆمبێلەکەی تێدا دۆزراوەتەوە تاوەکو هەر سەرەداوێک بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی ڕفێندراوەکەو دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی تاوانەکە بەدەستبهێنن.

ئەو ڕوداوە لەکاتێکدایە کە ناوە ناوە ناوچە جیاجیاکانی کەرکوک شایەدی ڕفاندن‌و پەلاماردانی جوتیاران دەبن، کە زۆرجار بەهۆی ململانێی زەوی‌و زار یان مەبەستی تاوانکارییەوە ئەنجامدەدرێن، پۆلیسی کەرکوکیش بەڵێنیداوە، لەگەڵ هەر پێشهاتێکی نوێ لەبارەی ئەم کەیسەوە، ڕای گشتیی ئاگاداربکاتەوە.

بەپەلە