له‌كاتى ماڵئاواییكردن له‌تەرمی خامنه‌ییدا چى ڕویدا؟

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4811 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئامادەبونی وه‌فدێكى سعودیە لەڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی ڕێبەری پێشوی ئێران لەتاران‌و ئەو دێڕە ئاینییەی کە لەکاتی وەستانی وه‌فده‌كه‌ لەبەردەم تەرمەکەدا خوێندرایەوە، کاردانەوەیەکی بەربڵاوی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دروستکردوه‌، ژمارەیەک لەچاودێران پێیانوایە، هەڵبژاردنی چه‌ند ئایه‌تێك له‌سورەتی "ئال عومران" لەخۆڕا نەبوە، بەڵکو پەیامێکی سیاسیى بوە بۆ ڕیاز، ئەمەش لەکاتێکدایە کە دەسەڵاتدارانی ئێران هیچ ڕونکردنەوەیەکی فەرمییان نەداوە دەربارەی چۆنیەتی هەڵبژاردنی ئەو چه‌ند ئایه‌ته‌.


ڕۆژی یەکەمی ڕێوڕەسمەکە کە دوێنێ هەینی بوو لەشوێنی نوێژکردنی تاران بەڕێوەچوو، بەشداربونی ژمارەیەک لەکاربەدەستانی باڵاو وه‌فده‌ بیانییەکانی بەخۆیەوە بینی، لەوێ پێشوازیی فەرمی لەهەر وه‌فدێك کرا بەلێدانی سرودی سه‌ربازیى، پێشئەوەی ئەندامانی وه‌فده‌كه‌ بڕۆنە پێشەوە بۆ سڵاوکردن لەتەرمەکە، لەهەمانکاتدا لەکاتی وەستانی هەر وه‌فدێك، چه‌ند ئایه‌تێك له‌قورئانى پیرۆز دەخوێندرایەوە.

وه‌فدى ڕیاز كه‌ له‌لایه‌ن وەلید بن عەبدولکەریم خەرێجی جێگری وەزیری دەرەوەی سعودیە سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرا، سەرنجێکی تایبەتی پێدرا، بەهۆی هەستیاریی په‌یوەندییەکانی نێوان تاران‌و ڕیاز لەدوای جەنگی ئه‌مدواییه‌ى کە تێیدا ڕوبەڕوبونەوە لەنێوان ئێران لەلایەک‌و ئەمریکاو ئیسرائیل لەلایەکی دیكه‌وه‌ ڕویدا.

لەکاتی وەستانی وه‌فدى سعودیە لەبەردەم تەرمەکەدا، ئایه‌تى (13) لەسوورەتی (ئالی عومران) خوێندرایەوە کە باسی جەنگی بەدر دەکات، تێیدا هاتوە: "بێگومان نیشانەیەک هەبوو بۆ ئێوە لەو دوو کۆمەڵەیەی کە ڕوبەڕوی یەک بونەوە؛ کۆمەڵێک لەپێناوی خودادا دەجەنگاو کۆمەڵەکەی دیكه‌ بێبڕوابون، بەچاوی خۆیان ئەوانیان دوو هێندەی خۆیان دەبینی‌و خودا بەسەرکەوتنی خۆی پشتگیریی هەر کەسێک دەکات کە بیەوێت، بێگومان لەمەدا پەند هەیە بۆ خاوەن بیروباوەڕەکان".

ئەم چه‌ند ئایه‌ته‌، به‌گوێره‌ى لێکدانەوەکانی قورئانى پیرۆز، بەستراوەتەوە بەڕوداوەکانی جەنگی بەدر، کە یەکەم جەنگی گەورەیە لەمێژوداو بەسەرکەوتنی باوەڕداران کۆتاییهات سەرەڕای کەمی ژمارەو چەکەکانیان.

ژمارەیەک له‌چاودێرانى سیاسیى ئێرانی‌و عەرەب پێیانوابوو، هەڵبژاردنی ئەم چه‌ند ئایه‌ته‌، نیشانەیەکی به‌هێزیى سیاسیى تێدایە، بەتایبەت لەژێر سێبەری گرژییەکانی دوایی نێوان ئێران‌و سعودیە، لەلایەکی دیكه‌وه‌ هەندێک لەڕاگەیاندنەکانی ئێران، ئەو دێڕەیان بە"خاوەن نیشانە" ناوبرد، بەبێئەوەی ڕونی بکەنەوە کە ئایا هەڵبژاردنەکەی بەئەنقەست بوە یان نا.

لەماوەی جەنگی دواییدا، ئێران سعودییەی تاوانبارکرد بەوەی کە پشتگیری کارە سه‌ربازیه‌كانى ئەمریکای کردوە دژی، هەروەها به‌گوێره‌ى ئەو زانیاریانه‌ى ئاماژه‌یان پێكراون، ئێران بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان‌و موشەک هێرشیکردوەتەسەر بنکەکانی ئەمریکاو دامەزراوە نەوتییەکان لەناوخۆی سعودیەدا، لەکاتێکدا ڕاپۆرتەکان باسیان لەوەدەکرد، فڕۆکە سعودییەکان هێرشی نهێنییان لەناوخۆی ئێراندا ئەنجامداوە.

هەروەها ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەزاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە گواستییەوە کە محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە داوای له‌دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کردوە کە بەردەوامبێت لەکارە سه‌ربازییه‌كانى دژی ئێران تا ڕوخانی دەسەڵاتەکە، ئەو بەردەوامبونی جەنگەکەی بە"هەلێکی مێژویی" دانا بۆ دوبارە ڕێکخستنەوەی بارودۆخی ناوچەکە، بەڵام ڕۆژنامەکە دواتر ئاماژەی بەوەدا، بەردەوامبونی هێرشەکانی ئێران بۆسەر سعودیە وایکرد کە ڕیاز گوشار بخاتەسەر واشنتۆن بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنێک کە کۆتایی بەجەنگەکە بهێنێت.

ئه‌وه‌ش ڕونكراوه‌ته‌وه‌، بەکارهێنانی ئه‌و ئایه‌تانه‌، ده‌كرێت نیشانەی ڕامیاریی هەڵبگرێت، به‌ڵام شتێکی نوێ نییە لەوتاری ئێرانیدا، چونكه‌ پێشتریش خامنه‌یى باوك، لەساڵی 2006دا هەمان ئه‌و ئایه‌تانه‌ى بەکارهێنا لەنامەیەکی پیرۆزباییدا بۆ حەسەن نەسروڵڵا دوای کۆتاییهاتنی جەنگی تەمموز لەنێوان حزبوڵاو ئیسرائیل، لەوێدا ڕایگەیاندبوو، سەرکەوتن بەهۆی باوەڕو خۆڕاگرییەوە بەدەستهاتوە نەک بەهۆی باڵادەستی لەشکرییەوە.

مشتومڕەکە تەنها لەسەر وه‌فدى سعودیە نەمایەوە، بەڵکو سەرنجیش خراوه‌ته‌سه‌ر ئەو ئایه‌ته‌ش کە لەبەردەم وه‌فدى قەتەریدا خوێندرایەوە، بەسەرۆکایەتی حەسەن بن عەبدوڵڵا غانم سەرۆکی ئەنجومەنی شورای قەتەر، چونكه‌ له‌وێدا ئایه‌تى دوه‌م لەسورەتی فەتح خوێندرایەوە كه‌ ده‌ڵێت، "داوا بكه‌ خودا لەگوناھی ڕابردوو و داهاتوت خۆش بێت‌و چاکەی خۆی لەسەرت تەواوبکات‌و ڕێنماییت بکات بۆ ڕێگه‌یەکی ڕاست".

ئه‌و ئایه‌ته‌ش به‌گوێره‌ى لێکدانەوەکان، بەستراوەتەوە بەئاشتی حودەیبییە، کە ئەو ڕێککەوتنە بوو پێغەمبەر لەگەڵ قورەیشدا ئەنجامیدا، ئەمەش وایکرد هەندێک لەچاودێران پێیانوابێت، هەڵبژاردنی ئەم دێڕە پەیامێکە پەیوەندیی بەو ڕۆڵەوە هەیە کە قەتەر گێڕاویەتی لەنێوەندگیریی نێوان ئێران‌و ئەمریکادا، به‌ڵام هەندێک لەبەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێیانوابوو، هاتنی وشەی "گوناح" لەئایه‌ته‌كه‌دا نیشانەیەکی خراپ هەڵدەگرێت، لەکاتێکدا لێکدانەوەکانی دیكه‌ ئاماژە بەوەدەکەن، مەبەست لێێ ئەو ڕێگریی‌و تاوانبارکردنانە بوە کە ڕوبەڕوی پێغەمبەر بونەتەوە، نەک گوناح بەو مانایەی کە لەنێوان خەڵکدا باوە.

هەروەها لیستی بانگهێشتکراوان بۆ ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمەکە جێگه‌ی مشتومڕێکی گەورەبوو، دوای بەشداربونی وه‌فدێك لەحکومەتی تاڵیبان بەسەرۆکایەتی عەبدولغەنی برادەر جێگری سەرۆک وەزیران‌و ئەمیر خان موتەقی وەزیری دەرەوەى ئه‌و وڵاته‌، ئەمە لەهەمانکاتدا بوو لەگەڵ ئامادەبونی ئەحمەد مەسعود سەرکردەی "بەرەی نیشتمانی بۆ بەرگریی" ئەفغانستان، لەگەڵ سەرکردەی "حزبی یەکێتی ئیسلامی بۆ گەلی ئەفغانستان" محەمەد موحەقیق، ئەمەش لەلایەن چاودێرانەوە وەک نیشانەیەک سەیرکرا بۆ ئاڵۆزیی ئەو پەیامە سیاسییانەی کە ڕۆڵى ڕێوڕەسمەکەیان دابوو.

بەپەلە