شارپرێس:
سەنتەرەکانی کۆنتڕۆڵکردنو خۆپاراستن لەنەخۆشییەکان
لەئەمریکا، ئاشكرایانكرد، 125 کەس لەسەرنشینانو ستافی کەشتییەک لەکاتی گەشتێکی دەریاییدا
توشی ڤایرۆسی (نۆرۆڤایرۆس) بون، ئەمەش یەک ڕۆژ دوای ڕاگەیاندنی فەرمی کۆتاییهاتنی
بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی (هانتا) دێت لەسەر کەشتییەکی گەشتیاریی کە ببوە هۆی نیگەرانی
جیهان.
سەنتەرەکان ئاماژەیان بەوەکردوە، 102 سەرنشین لەگەڵ
23 ئەندامی ستافەکە، لەکاتی گەشتەکەیاندا لەسەر کەشتی (ڕووبی پرێنسێس) سەر بەکۆمپانیای "Princess Cruises"،
کە لە 12ی حوزەیرانى ئەم مانگە بەردەوامبوو، توشبونی خۆیان بەنیشانەکانی نەخۆشییەکە
ڕاگەیاندوە.
بەرنامەی تەندروستی تایبەت بەکەشتییەکان لە 28ی
حوزەیران بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەی ڕاگەیاندو لێکۆڵینەوەکانیش دەریانخستوە کە هۆکاری
سەرەکی نەخۆشییەکە ڤایرۆسی نۆرۆڤایرۆسە، کە بەوە ناسراوە یەکێکە لەبەربڵاوترینو خێراترین
هۆکارەکانی هەوکردنی توندی گەدەو ڕیخۆڵە.
نیشانە سەرەکییەکانی کە لەسەر توشبوان دەرکەوتون
بریتیبون لەسکچونو ڕشانەوە، باوترین نیشانەکانی توشبونن بەم ڤایرۆسە، ڤایرۆسەکە بەئاسانی
لەڕێگەی خۆراک یان ئاوی پیسبوو، یان دەست لێدانی ڕوە پیسبوەکان، یان بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ
لەگەڵ کەسی توشبودا دەگوازرێتەوە، ئەمەش وادەکات کەشتییە گەشتیارییەکان بەهۆی قەرەباڵغی
مرۆییو شوێنە هاوبەشەکانەوە، یەکێکبن لەو ژینگانەی کە زیاتر لەبارن بۆ بڵاوبونەوەی.
سەنتەرە ئەمریکییەکانی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکان
جەختیانکردەوە، ژمارە ڕاگەیەنراوەکان نوێنەرایەتی کۆی گشتی ئەو حاڵەتانە دەکەن کە
بەدرێژایی گەشتەکە تۆمارکراون، ئەمەش بەو مانایە نییە کە هەموو توشبوان لەیەککاتدا
یان لەکاتی گەیشتنی کەشتییەکە بۆ یەکێک لەبەندەرەکان یان جێهێشتنی، نەخۆش بوبن.
نۆرۆڤایرۆس بەیەکێک لەباوترین ئەو ڤایرۆسانە
دادەنرێت کە دەبنە هۆی هەوکردنی توندی گەدەو ڕیخۆڵە لەسەر ئاستی جیهان، بەخێرایی
گواستنەوەكهى جیادەکرێتەوە، بەتایبەتی لەشوێنە داخراو یان قەرەباڵغەکاندا، وەک کەشتییە
گەشتیارییەکان، قوتابخانەکانو دامەزراوەکانی چاودێریی.
نیشانەکانی بریتیین لەڕشانەوەی لەناکاو، سکچونو
ئازاری گەدە، لەوانەیە لەیەک تا سێ ڕۆژ بەردەوامبێت، لەکاتێکدا مەترسییەکەی لەلای
بەساڵاچوان، منداڵانی بچوکو ئەوکەسانەی کە بەدەست نەخۆشییە درێژخایەنەکانەوە دەناڵێنن
زیاتر دەبێت، بەهۆی ئەگەری توشبون بەوشکبونەوەی جهسته.
