شارپرێس:
مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، کۆی گشتیی قەرزی گشتیی وڵات هێشتا لەچوارچێوەی سنورى پێوەرە نێودەوڵەتییەکاندا کۆنترۆڵکراوە.
ڕونیکردوهتەوە، زۆربەی قەرزەکانی عێراق ناوخۆیینو قەرزی دەرەکیی لەمساڵانەی دواییدا کەمبوەتەوە، بەڵام کێشە ڕاستەقینەکە لەوەدایە داهاتەکان بەتوندی بەستراونەتەوە بەنەوتەوە، ئەمەش وایکردوە، دارایی گشتیی لەژێر کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی نرخی نەوتدا بێت.
هەروەک دەڵێت، "قەرزی دەرەکیی کە پێویستە تاساڵی 2028 بدرێتەوە نزیکەی نۆ ملیار دۆلارەو بەزیادکردنی قەرزی ناوخۆیی، کۆی گشتیی قەرزەکان دەگاتە نزیکەی 36%ی بەرهەمی ناوخۆیی، کە ئەمەش کەمترە لەسنوری نێودەوڵەتیی کە 60%ە.
باسی لەوەشکردوە، ئەم ڕێژەیە زیاتریش دادەبەزێت ئەگەر کێشەی بڕە پارە هەڵپەسێردراوەکانی ڕێککەوتنی یانەی پاریسی ساڵی 2004 لەگەڵ ههشت وڵاتدا یەکلایی بکرێتەوە، کە پێشبینیدەکرێت لانی کەم 80%ی ئەو پارانە بسڕدرێنەوە.
ئاشکراشیکردوە، قەرزی ناوخۆیی لە 100 ترلیۆن دینار تێپەڕیکردوە کە یەکسانە بە 80 ملیار دۆلار، بەڵام کاریگەریی کەمە مادام قەرزی دەرەکیی لەژێر کۆنترۆڵدایە.
بەوتەی ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیران؛ سندوقی نێودەوڵەتیی دراو جەختدەکاتەوە، کێشەی سەرەکیی قەبارەی قەرزەکە نییە، بەڵکو کۆنترۆڵکردنی کورتهێنانی داراییو هەمەجۆکردنی سەرچاوەکانی داهاتە.
لەکۆتاییدا دەڵێت، "بۆیە سیاسەتی دارایی ئێستا کاردەکات بۆ بەرزکردنەوەی داهاتی نانەوتیی لە10%ی ئێستاوە بۆ 45% لەماوەی 10 ساڵی داهاتودا، ئەمەش لەڕێگەی چاکسازیی لەباج، گومرگ، بەدیجیتاڵکردنی سیستمەکان، چالاککردنی کەرتی تایبەتو چاکسازیی بانکییەوە دەبێت بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی درێژخایەن".
