شارپرێس:
ڕۆژنامەی "ئەلنەهار"ی لوبنانی ئاشکرایکرد، هەڵمەتی دەستگیرکردنەکانی ئەمدواییەی پەرلەمانتارانو کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق بەتۆمەتی گەندەڵیی، کاریگەری نەرێنیی لەسەر پرۆسەی تەواوکردنی کابینەی حکومەتەکەی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران داناوەو دانوستانەکانی تایبەت بەپڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکانی خستوهتە دۆخی چەقەبەستوییەوە.
ڕۆژنامەکە لەزاری سەرچاوە سیاسییو پەرلەمانییەکانەوە ئاماژەی بەوەکردوە، هێزە سیاسییەکان بەنیازی کۆتاییهێنان بەدۆسیەی نۆ وەزارەتە بەتاڵەکە بون (بەرگریی، ناوخۆ، پلاندانان، خوێندنی باڵا، کۆچ، ئاوەدانکردنەوە، لاوان، کارو ڕۆشنبیریی) لەگەڵ دەستپێکردنی خولی نوێی یاسادانان لەسەرەتای تەمموزی ئەم مانگەدا، بەڵام دەستگیرکردنەکان بونە هۆی پەککەوتنی تەواوی پەیوەندییەکانی نێوان سەرکردەی کوتلەکان.
رۆژنامەکە هەروەک دەڵێت، "ئەم دەستگیرکردنانە کە کەسایەتیی کاریگەریان گرتوهتەوە، قەیرانی متمانەی دروستکردوەو ئەولەویەتی لایەنەکانی لەیەکلاکردنەوەی پۆستەکانەوە گۆڕیوە بۆ کۆنترۆڵکردنی لێکەوتە یاساییو سیاسییەکان".
چاودێران پێیانوایە، ئەم بارودۆخە دەبێتە هۆی درێژەکێشانی بۆشایی وەزاری، بەتایبەت ئەگەر لایەنەکان بەشداریکردنیان ببەستنەوە بەچارەسەری کێشەی دەستگیرکراوەکان، ئەمەش کاریگەریی لەسەر جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت دەبێتو بەرکەوتە سیاسییەکان دوادەخات.
